لە ئاگری باکووری کوردستان سوود لە با وەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا
رووداو دیجیتاڵ
پێنج تۆرباین لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی گیادین لە سنووری پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان کارەبا بەرهەمدەهێنن. عومەر فارووق شاهین، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرهەمهێنانی کارەبا دەڵێت، "رۆژی 23ی حوزەیرانی 2021 مۆڵەتمان وەرگرت و تۆرباینێکمان دانا. بەردەوام بووین لە کارەکانمان و حوزەیرانی 2022، سێ تۆرباینی دیکەمان دانا. دواتر لە تەممووزی ئەمساڵدا پێنجەمین تۆرباینمان دانا، ئێستا 5 تۆرباین کاردەکەن."
ئەمە یەکەمینجارە پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەم رێگەیەوە لە شارۆچکەیەکی ئاگری جێبەجێ دەکرێت. بەرپرسانی کۆمپانیای جێبەجیکار دەڵێن، پرۆژەکە زیاتر پێشدەخەن و ئاماژە بەوەش دەکەن، دەکرێت کۆمپانیای دیکەش چاو لەوان بکەن.
ئەرداڵ ئادنچ، بەرپرسی ناوەندی بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی، "دوای ئەم وەبەرهێنانەی ئێمە، کۆمپانیای دیکەش هاندەدەین بۆ ئەوەی بێنە ناوچەکەمان و وەبەرهێنان بکەن، چونکە ئەم ناوچەیە پێویستییەکی زۆری بە وەبەرهێنانە؛ لەو بڕوایەشدام وەبەرهێنەرەکان دێنە ئێرە و کاری باش دەکەن."
تۆرباینانەکان لە بەرزایی 2025 کیلۆمەتر لە ئاستی رووی دەریا دانراون و لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی 2 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن. عومەر فارووق شاهین باسی لەوەش کرد، "ساڵی رابردوو بە 4 تۆرباین توانای بەرهەمهێنانی 19.2 مێگاوات بۆ هەر کاژێرێکمان هەبوو، ئێستا ئەو توانایە بۆ 24 مێگاوات بەرزبووەتەوە. هەروەها بەردەوامدەبین لە بەرزکردنەوەی تواناکان بۆ ئەم مەبەستەش رێگەپێدانمان وەرگرتووە."
بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کە رۆژی 18-10-2022 بڵاویکردووەتەوە، لە یەکەمین نۆ مانگی ئەمساڵدا لە باکووری کوردستان و تورکیا 102 هەزار و 281 مێگاوات/کاژێر کارەبا بەرهەم هێندراوە بەجۆرێک 30.9٪ لە وزەی هایدرۆلیک، 24.7٪ لە غازی سرووشتی، 20.6٪ لە خەڵووز، 10.9٪ لە هێزی با، 8.8٪ لە وزەی خۆر و 2.4٪یش لە سەرچاوەکانی دیکە بەرهەمهێندراوە.