لە خانەقین بەهۆی 'کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە' گەنجێک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان دوو خێزانی گەڕەکی کارێزی خانەقین؛ گەنجێک کوژرا. بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی خانەقینیش دەڵێت: کوژراوەکە ئاسەواری لێدان لەسەر دەست و شانی هەبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 دکتۆر شوان شاکر، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "درەنگی شەوی رابردوو تەرمی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ، بەناوی (ع.ج) دانیشتووی گەڕەکی کارێز، گەیێندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری گوللەیەک بەسەر دڵییەوە بوو."
 
بە گوتەی دکتۆر شوان، جگە لە شوێنەواری فیشەک، شوێنی لێدان و ئەشکەنجە لەسەر دەست و شانی گەنجەکە هەبووە و چەند ددانێکیشی شکێندراون.
 
شایەتحاڵێک، بە رووداوی راگەیاند، کوشتنی ئەو گەنجە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نێوان خێزانی بکوژ و کوژراو بووە، کە زیاتر لە هەفتەیەکە ئەو کێشەیە لە نێوانیاندا سەریهەڵداوە.
 
پۆلیسی خانەقینیش رایگەیاندووە، بکوژ خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و چەند کەسێکی دیکەش بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لە کوشتنی گەنجەکە هەبووە، دەستبەسەر کراون.