لە هەولێر مێرمنداڵێک باوکی دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکێکی هەولێر مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵان بە "چەقۆ" باوکی خۆی دەکوژێت. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، محەممەد سعود کاڕەش، پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 06:30ـی بەیانی "تەرمی پیاوێک لەلایەن کەسوکارەکەیەوە گەیێندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری کە برینێک لەسەر سینگی هەبوو."
 
ئەو پزیشکە گوتی، کەسوکاری مردووەکە کە یەکێکیان هاوژینی بوو، پێیانگوتوون، "لەلایەن کوڕەکەیەوە کە تەمەنی 13 ساڵە چەقۆیەک لەسەر دڵی دراوە، بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە."
 
بە گوتەی ئەو پزیشکە، ئەوان هەوڵیان داوە ژیان بۆ باوکەکە بگەڕێننەوە، بەڵام "بێسوود بوو، چونکە ئەو کەسە بەر لەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
 
نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تەرمی کەسەکە لە دادپزیشکی هەولێرە و ئەوانیش وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.