دەرهێنەرى 'داستانی کوردستان': سەرۆک بارزانى و نێچیرڤان بارزانی خۆیان داوای بینینی شانۆگەرییەکەیان کردبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی شەش رۆژی نمایشی شانۆگەریی داستانی کوردستاندا لە دهۆک، رۆژانە هۆڵی شانۆگەرییەکە پڕدەبوو لە هەوادارانی شانۆ و زیاتر لە سێ هەزار کەس شانۆکەیان بینیوە. دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە دەڵێت، پێشبینیان نەدەکرد بەم شێوەیە پێشوازى لە بەرهەمەکەیان بکرێت.
لە رۆژانی 11 تا 17ی ئەیلوول بەبەشداریی زیاتر لە 200 هونەرمەند و شاعیرى دیارى دهۆک شانۆگەریى "داستانى کوردستان" نمایشکرا، پۆدکاستى ئەم جارەى بەکاتى دهۆک تایبەت بوو بە نمایشی ئەو شانۆگەرییە و کاردانەوەکانی لەلای هەوادارانی شانۆ.
هەڵکەوت ئیدریس، نووسەرى شانۆگەریى داستانى کوردستان بە رووداوی گوت: "ساڵ و نیوێک پێش ئێستا کاتێک لەگەڵ هونەرمەند ئەحمەد مشتەختی بیرۆکەی شانۆکەمان لەلا دروستبوو، دوو وەبەرهێنەری شارەکە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەوەی پاڵپشتی دارایی پرۆژەکەمان بکەن و ئەوەبوو بە هەوڵی هەموو لایەک توانرا شانۆگەرییەکە بەسەرکەوتوویی نمایش بکرێت کە ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد ئاوا پێشوازی لێبکرێت."
لەبارەی جێبەجێکردنی دەقی نووسینەکە وەکو خۆی، هەڵکەوت ئیدریس دەڵێت، تێکستی "داستانی کوردستان" زۆر زیاترە لەوەی پێشکێشکراوە، بەڵام بۆ دەقە شانۆییەکە، هەوڵمدا دەقێکی کورتتری لێ دەربهێنم و هەمووی وەکو خۆی پێشکێشکراوە.
یەکێک لەو پرسانەی لە هەر بەرهەمێکی هونەری دەبێتە ئاستەنگ بۆ هونەرمەندان، پاڵپشتی و پشتگیری داراییە بۆ کارە هونەرییەکان، نووسەری شانۆگەریى "داستانى کوردستان" دەڵێت: "جگە لەو دوو وەبەرهێنەرەی شاری دهۆک لە کۆمپانیاى پلنک هیچ کەسێکى دیکە هاوکاری نەکردووین."
هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەو کەسانە بوون کە چوونە دهۆک بۆ تەماشاکردنی شانۆگەریی داستانی کوردستان، ئەحمەد مشتەختى دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە دەڵێت: "هەریەک لە سەرۆک بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، خۆیان داوایانکرد بێن بۆ تاماشاکردنی شانۆگەرییەکە. بۆیە 'داستانى کوردستان' هى هەموو کوردستانە، هەر سەرکردەیەکى دیکە لە هەر لایەنێکی سیاسیی باشووری کوردستان یان پارچەکانى دیکەى کوردستان داوایانکردبا بێن تەماشا بکەن، دەرگە کراوە بووە."