لە دهۆک بەشەخۆراکی ئەو خێزانانە دەبڕدرێت کە پسوولەکەیان نەکردووەتە ئەلیکترۆنی

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک رایگەیاند، بە هەزاران خێزان لە دهۆک پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان کارا نەکردووە، ئەگەر تاوەکو یەکی مانگی داهاتوو پسوولەکەیان کارا نەکەن، بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت.
 
لە هەولێر بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە مانگی تشرینی دووەمدا دەستپێدەکات و پارێزگای سلێمانیش چاوەڕێی تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە لە بەغدا. 
 
13 هەزار خێزان لە دهۆک بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت
 
رۆژی سێشەممە 19-09-2023 حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک بۆ هەر پارێزگایەک، دوو مانگ تاوەکو سێ مانگ دیاریکراوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە سێ مانگ تێپەربووە بەسەر ئەو دەرفەتەی بە دهۆک دراوە و، هێشتا نزیکەی 13 هەزار خێزان نەهاتوون بۆ کاراکردنی بەئەلکترۆنیکردنی فۆرمەکانیان."
 
رۆژی 16ـی ئایاری 2023 بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد. حوسێن سەبری دەڵێت، "281 هەزار خێزان لە دهۆک فۆرمی خۆراکیان هەیە، نزیکەی 268 هەزاریان کراونەتە ئەلیکترۆنی واتا نزیکەی 13 هەزار ماون. زۆر هەوڵمانداوە ئەوانەش بێن و سەردان بکەن، بەڵام تائیستا بەهۆی کەمتەرخەمی و بەمەبەست نەهاتوون."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک، "تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ مۆڵەت دەدرێتە ئەو 13 هەزار خێزانە، دوای ئەوە، ئەگەر فۆرمەکە کارانەکەن، بەشەخۆراکی مانگانەیان راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەبڕدرێت."
 
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک دەڵێت، ئەو کەسانەی بەشەخۆراکی مانگانەیان کراوەتە ئەلیکترۆنی، ئەپڵیکەیشنێکیان هەیە کە کاراکراوە و دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە بزانن چ بەشەخۆراکێکیان هاتووە و بچن وەریبگرن.
 
تشرینی دووەم بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەستپێدەکات 
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بڕیار وایە مانگی 11 کارتە ئەلکترۆنییەکە چاپ بکرێت و لە رێگەی بریکارەکانەوە دابەشی بکەن، ماوەی دابەشکردنەکە دوو مانگە دوای ئەوە ئەپلیکەیشنەکە دادەبەزێت و کاری پێدەکرێت کە ئەوەیان دەکەوێتە ساڵی نوێ."
 
بەگوتەی سیامەند قادر نانەکەلی، تائێستا لە هەولێر هیچ ئامادەکارییەکیان نەکردووە، چونکە دەبێت سەرەتا کارتەکە چاپبکرێت دواتر لیژنەیەک لە بەغدا دێت بۆ ئەوەی راهێنان بە فەرمانبەرانیان بکەن.
 
لە پارێزگای هەولێر 488 هەزار و 866 خێزان فۆرمی خۆراکیان هەیە. سیامەند قادر نانەکەلی دەڵێت "دەبێت هاونیشتمانیان لە ماوەی دوو مانگدا سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی فۆرمەکانیان بکەنە ئەلیکترۆنی، هەر کەس سەردان نەکات ئەوە بەشەخۆراکی بەشێوەیەکی کاتی دەبڕدرێت تاوەکو ئەو کاتەی فۆرمەکەی کارا دەکات."
 
سلێمانی چاوەڕێی بەغدایە
 
یاسین مەحموود، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارە دوای بەغدا لە سلێمانی دەست بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک بکرێت. ئێستا لە حەوت پارێزگا کار بەو سیستەمە دەکەن، دهۆک، کەرکووک، بەغدا، کەربەلا، نەجەف و بەسرەش 50٪ـی کراوە."
 
لە پارێزگای سلێمانی 538 هەزار و 345 خێزان فۆرمی خۆراکیان هەیە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، "ئەگەر کارتەکە چاپکرا و گەیشتە دەستمان، ئەوە کار بە سیستەمەکە دەکەین، بەڵام تائێستا هیچمان پێنەگوتراوە کە بە دیاریکراوی کەی دەستپێدەکەین."