شاندێکی ئەمنیی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکەی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەمنیی عێراق، سەردانی سلێمانی دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، بەگوتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقەوە بۆ رووداو 'رووداوەکە کوژرانی ژمارەیەک ئەندامی دژەتیرۆر و برینداربوونی تێدایە، بۆیە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات.'
رۆژی سێشەممە، 19-9-2023، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارە بەم نزیکانە لیژنەیەکی ئەمنیی عێراق، کە لە پسپۆڕانی ژمارەیەک دەزگای ئەمنیی عێراق پێکدێن لەنێویاندا دەزگای هەواڵگری، بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ئەو هێرشە درۆنییەی دوێنی کرایە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەرەبەت، سەردانی سلێمانی بکەن."
ئەو سەرچاوە ئەمنییە گوتیشی لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە 'جۆری هێرشەکە و ئەو مووشەکەی هێرشەکەی پێکراوە، هۆکار و ژمارەی قوربانییان دەکات." جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئەو رووداوە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو عێراق دەیەوێت رێکارەکانی تێدا بگیرێتەبەر، چونکە جگە لەوەی هێرشە لە وڵاتێکی دراوسێوە، کوژران و برینداربوونی تێدایە."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، کە هێزێکی دژەتیرۆر تێیدا سەرقاڵی مەشق و راهێنان بوون.
دوای هێرشەکە، دژەتیرۆر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، 'سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون.
دژەتیرۆر هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات، کە هاوکار بوون لە رووداوەکە و، دەڵێ "ئەو تاوانە کە بە چاوساخیی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی نێوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسووسێک هاوکاربووبێت، رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستییەکان ئاشکرا بکرێن."