سەرپەرشتیاری بەنداوی ئاقوبان: پرۆژەکە تەواو نەبووە و هەندێک کەموکوڕیی ماوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری بەنداوی ئاقووبان دەڵێت، پرۆژەی بەنداوی ئاقوبان کە لە سنووری قەزای شەقڵاوە دروستکراوە، کارەکانی تەواو نەبوون. دەرچەی بەنداوەکە و پیژەومەترەکەیشی ماون و تەواو نەکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024 هیوا سەباح، سەرپەرشتیاری بەنداوی ئاقوبان بە رووداوی گوت، "بەنداوی ئاقوبان تەواو نەکراوە و پرۆژەکە 4٪ی ماوە. لە پڕبوونیدا توانای گلدانەوەی 2.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئێستا بەنداوەکە 2.1 ملیۆن ئاوی گلداوەتەوە."
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری بەنداوی ئاقوبان روونیکردەوە، "پرۆژەکە بە گوژمەی 8.12 ملیار دینار دروستکراوە و رووبەری بەنداوەكە 400 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بەرزییەكەیشی 31 مەترە."
بەنداوی ئاقوبان لە سنووری قەزای شەقڵاوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، گەشتیاری، سامانی ماسی و ئاودێری سوودی لێ وەردەگیرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "لایەنێكی دیكەی گرنگی بەنداوەكە، پاراستنی ژینگەیە و رێگرە لە روودانی لافاو و زیانگەیاندن بە ناوچەكە. لە هەرێمی کوردستان 34 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووک هەن؛ 23 لەو بەنداوانە تەواو کراون و 11 بەنداوی دیکەش ماون."
لە چوار ساڵی رابردوودا، بەنداوەکانی چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان و شەوگێڕ تەواو کراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کۆتاییی ئەم ساڵ هەریەک لە بەنداوەکانی گۆمەسپان و بەستۆرە کارەکانیان تەواو دەبن."
هیوا سەباح ئاماژەی بەوە دا، "بیرۆکەی بەنداوی ئاقوبان بۆ بوونی رەزی هەنار و ترێ لە ناوچەی خۆشناوەتی دەگەڕێتەوە. ئێستا بەهۆی خراپیی ئاوەوە، ترێ و هەنار لە شەقڵاوە نەماون. ئەو بەنداوە بۆ ئەوە کرا، تاوەکو بگەیێندرێتە باخەکانی خوارەوەی ناوچەکە."
لەبارەی روونی و پاکیی ئاوی بەنداوی ئاقوبانەوە، هیوا سەباح دەڵێت، "ئاوەکەی زۆر پاکە، فلتەرێکی کەمی دەوێت. لەو بڕوایەدام ئەگەر کەسێک ئێستا ئاوها بەبێ پاککردنەوە بیخواتەوە، خراپ نییە."