عەممار حەکیم بۆ رووداو: دەتوانن دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکانی دەوڵەت پیرۆزبایی بەدەستهێنانی خەڵاتی ستیڤی لە رووداو دەکات و دەڵێت، "ئێوە دەتوانن دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن."
رۆژی شەممە 19-08-2023، عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکانی دەوڵەت پیرۆزبایی بەدەستهێنانی خەڵاتی ستیڤی لە رووداو کرد و رایگەیاند، "پیرۆبایی لە ئێوە و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە لە کەناڵەکە کاردەکەن بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی ستیڤی بە سیفەتی کۆمپانیایەکی گشتی لە بواری راگەیاندن."
عەمار حەکیم گوتیشی، بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لەلایەن رووداو، بەهۆی جیاوازیی کارکردنیانەوەیە و دەشڵێت، "بەلامانەوە نامۆ نەبوو کە ئەو خەڵاتەتان بەدەستهێناوە بەهۆی کارە جیاوازەکانتان لە بواری راگەیاندن."
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکانی دەوڵەت هیوای سەرکەوتنی بۆ رووداو خواست و گوتی، بەهیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان لەکارکردندا لەپێناو پەرەپێدانی دیموکراسی بۆ دەخوازین کە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی گەلی عێراق بێت بە هەموو پێکهاتەکانەوە و ئێوە دەتوانن دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن.
پیرۆزبایی عەمار حەکیم لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 14-8-2023 خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی ستیڤی راگەیێندران و تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا. رۆژی 13ـی ئۆکتۆبەریش لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا خەڵاتەکان دابەش دەکرێن.
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو لەسەر بنچینەی کاریگەریی هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)، (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)، هەروەها بەهۆی فراوانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیا بۆ زۆرترین بەکارهێنەر.