لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان بارانی بەخوڕ دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان و چوار پارێزگای تورکیا بارانی بەخوڕ ببارێت و لافاو دروست بێت.
بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی، 19ـی تەممووز لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئاگری، قەرس و ئەردەخانی باکووری کوردستان و چوار پارێزگای تورکیا بارانی بەخوڕ دەبارێت.
کەشناسیی تورکیا داوا لە خەڵک دەکات هۆشیار بن بۆ ئەوەی لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکە زیانیان بەرنەکەوێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 18ـی تەممووز، بارانێکی بەخوڕ لە پارێزگای ئەرزەڕۆم باری و بەو هۆیەوە لافاو دروستبوو.
باران و لافاوەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروستکرد. له زۆر شوێنی ناوەندی شاری ئەرزەڕۆم رێگەوبان و کۆڵانەکان و ژمارەیەک ماڵ ژێرئاوکەوتن. گرفت بۆ هاتووچۆ دروستبوو، وەک رێکارێکی خۆپارێزی ژمارەیەک هێڵی میترۆی شارەکە داخران.