لە کۆی 2600 کەس تەنیا 900 کەس بۆ پاسەوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان ناویان هاتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان تەنیا 900 کەس بۆ پاسەوانی سنوور ناویان گەڕاوەتەوە و لیژنەیەک لە بەغداوە هاتوون و سێ رۆژە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکەن و بڕیارە ئەمڕۆش لیژنەکە کارەکانی تەواو بکات.
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە ئەو کەسانەی ئاگادار کردەوە کە ناویان بۆ پاسەوانی سنوور گەڕاوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "900 کەس ناویان بۆ پاسەوانی سنوور لە هەر سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک گەڕاوەتەوە کە بڕیارە وەکو پاسەوانی سنوور دابمەزرێن. ئەو 900 کەسە ئەوانەن کە فۆرمیان پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ هاتووەتەوە."
بەگوتەی گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، "بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە بۆ چاوپێکەوتن سەردانی بەغدا نەکەن، لیژنەیەک لە بەغداوە هاتووە و بڕیارە ئەمڕۆ دوای سێ رۆژ کارکردن، لیژنەکە کارەکانی تەواو بکات و بگەڕێتەوە."
لەبارەی رێکارەکانی دامەزراندنی ئەو 900 کەسە وەک پاسەوانی سنوور، کاروان خۆشناو گوتی، "هێشتا دیار نییە رێکارەکان چۆنن؛ جارێ تەنیا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دەبێت چاوەڕێ بین لیژنەکە کارەکانیان تەواو بکات."
17ـی کانوونی دووەمی 2023 عەقید کاروان خۆشناو بە رووداوی گوت، بڕیارە بۆ عێراق بە گشتی شەش هەزار و بۆ هەرێمی کوردستان 2600 کەس بۆ پاسەوانی سنوور دابمەزرێن.
دامەزراندنی ئەو هاونیشتمانییانە تایبەتە بە ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
مەرجەکانی دامەزراندنەکە بریتی بوون لە: کەسەکە دەبێت تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت.