وەزارەتی ناوخۆ: لە سلێمانی کەمترین چەک تۆمارکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای 21ـی تەممووز تۆمارکردنی چەکی هاونیشتمانییان رادەگیرێت و یاسای چەک دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "لە دهۆک زۆرترین و لە سلێمانی کەمترین چەک تۆمارکراوە."
رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمارکردنی چەکی هاونیشتمانییان تاوەکو 21ـی تەممووز بەردەوامە و دوای ئەو کاتە رادەگیرێت. تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی ئەو وادەیە و راستەوخۆ دوای 21ـی تەممووز یاسای چەک دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
بەپێی مادە 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکرا، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو شوێنانەی کە زۆرترین چەکیان تێدا تۆمارکراوە، گوتی، "بە گشتی ژمارەیەکی ئیجگار زۆر هاووڵاتی چەکەکانیان تۆمارکردووە. تاوەکو هەفتەی رابردوو زۆرترین چەک لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا بوو؛ تەنیا لە چەند بنکەیەکی دهۆک نزیکەی چوار هەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکرابوو؛ لە هەولێر و سۆرانیش پێشوازییەکی باش کرابوو."
هێمن میرانی گوتیشی، "لە پارێزگای سلێمانی کەمترین پێشوازی کراوە و کەمترین هاووڵاتی چەکەکانیان تۆمارکردووە."