کۆمەڵ: هیچ هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکنەهێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رەتیدەکاتەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی 13 حیزبە کوردستانییەکەی هەرێمی کوردستان لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیێندرابێت و دەڵێت، "تەنیا داواکراوە کە هەموو حیزبە کوردستانییەکان لە نێوان خۆیان لیستێکی فراوانی کوردستانی پێکبهێنن."
رۆژی چوارشەممە، 19-07-2023، لە بارەگای حیزبی شیوعیی کوردستان، 13 حیزبی کوردستانی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە بەشێک لە میدیاکان ئاماژە بەوەکرا، لیستێکی هاوبەشیان لە پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاندووە.
دواتر هەر 13 حیزبە کوردستانییەکە لە راگەیێندراوێکدا باسیان لەوەکرد، "لەبەر کۆمەڵێک ئیجابیات و زەروورەتی بارودۆخەکە هەموومان بڕیارماندا لیستێکی فراوانی کوردستانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت کە هەموو حزبەکانی تێدابێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو 13 حیزبە کوردستانییە داوا لە سەرجەم حزبەکانی دیکە دەکەن چی ئەوانەی لە کۆبوونەوە بوون و ئەوانەی لە کۆبوونەوەکە نەبوون، بە زووترین کات لیستی کوردستانی پێکبێت، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی 13 حیزبە کوردستانییەکە داوا لە هەموو حیزبەکانی کوردستان کراوە کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لیستێکی فراوان لە هەموو حزبە کوردستانییەکان پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین و پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت."
بەگوتەی شوان رابەر، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هیچ لیستێک پێکنەهاتووە و بڕیار لەسەر هیچ لیست و هاوپەیمانێتییەک لە نێوان لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە نەدراوە و دەڵێت: "تەنیا داواکراوە کە هەموو حیزبە کوردستانییەکان لە نێوان خۆیان لیستێکی فراوانی کوردستانی پێکبهێنن، کۆمەڵی دادگەریش بە راگەیێندراو پێشتر ئاماژەی بەوەکردووە کە لەگەڵ لیستی فراوانی کوردستانییە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئەم مانگە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی یەک لیستیی لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.
دوای کۆبوونەوەیان، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە چۆن بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش ئامادەی گفتوگۆین بۆ ئەوەی هەم رێککەوتنەکانمان گونجاو بێت لەگەڵ شێوەی هەڵبژاردنەکان و هەم لە بەرژەوەندیی ئەو ناوچانە بێت کە ناوچەی مادەی 140ـن."
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی رای بزووتنەوەکەیان لەسەر یەک لیستیی کورد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "دوێنێ لەگەڵ شاندێکی یەکێتیش کۆبووینەوە و رای خۆمان گوتووە، بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کەرکووک، سەلاحەدین، موسڵ و دیالە لەگەڵ یەک لیستیدایە، چونکە کەرکووک کێشەی خاکە، پۆست و پلە و پایە کاتییە، بەڵام خاک ناکرێتە موزایەدە و راپرسییەوە."
ئەو 13 حیزبە کوردستانییەی رۆژی چوارشەممە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆبوونەوە:
- بزووتنەوەی گۆران
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
- تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان
- پارتی رەنجدەرانی کوردستان
- پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
- پارتی گەلی تورکمانی
- حزبی شیوعیی کوردستان
- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
- کۆمەڵی دادگەری کوردستان
- هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان
- هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان-سەرکردایەتی کارتی
- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان