لە بانە ژینگەپارێزێک بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین دژی داربڕینەوە دەستبەسەرکرا


رووداو دیجیتاڵ

دوای ناڕەزایی دەربڕین دژی بڕینەوەی داری نێو گۆڕەپانێکی شاری بانە، ژینگەپارێزێکی خەڵکی شارەکە دەستبەسەر کرا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو رۆژە حەکیم محەممەدی‌پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی پاژین لە بانەیان دەستبەسەر کردووە.
 
دەستبەسەرکردنی حەکیم محەممەدی‌پوور رۆژێک دوای ئەوە بوو کە ژینگەپارێزانی بانە دژی بڕینەوەی دارەکانی نێو گۆڕەپانی مروەتی ئەو شارە لەلایەن شارەوانیی بانەوە، ناڕەزاییان دەربڕی. 
 
ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی پاژین لە بانە رۆژی یەکشەممە، 16-09-2023، دژی بڕینەوەی دارەکانی ئەو گۆڕەپانە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی لە بەرپرسانی شارەکە، بە تایبەت سەرۆکی شارەوانی گرت بەهۆی بڕینەوەی دارەکان و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەو ئەنجوومەنە لەبارەی رێکخستنەوەی گۆڕەپانی مروەت لە شارەوانی بەڕێوەچووە، بڕیار نەدراوە دارەکان ببڕدرێنەوە، بەڵام دواتر پلانەکە گۆڕاوە.  
 
شارەوانیی بانە رایگەیاندووە، شێوازی گۆڕەپانەکە دەگۆڕێت و نۆژەنی دەکاتەوە، بەڵام بە گوتەی چالاکڤانانی شارەکە، بڕینەوەی دارەکان پەیوەندی بەو کامێرای چاودێرییەوە هەیە کە دامودەزگا ئەمنییەکان لەو گۆڕەپانە دایانناوە بۆ چاودێریکردنی جموجووڵەکان، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو دارانەوە نەیاندەتوانی چاودێری هەموو دەوروبەری گۆڕەپانەکە بە تەواوی بکەن.
 
لە ناڕەزاییەکانی دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، زۆرجار ناڕەزایی خەڵک لە بانە لە گۆڕەپانی مروەتەوە دەستی پێدەکرد.
لە ماوەی رابردوودا لە گۆڕەپانەکانی 'سەعات'، ئەنجوومەن و 15ی خورداد شاری بانەش کامێرای چاودێری دانراون.