کەسێک لە بەحرکە بە چەقۆ دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هاونیشتمانییەک لە بەحرکە لە نێو ماڵەکەی خۆی کوژرا. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "12 چەقۆی لێدراوە."
رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر سەردانی ماڵی مازن رەشیدی کرد و برای مازن پێی راگەیاند، رووداوەکە کاژێر 11:30 بۆ 12:00 دوێنێ شەو بووە، سێ کەس چوونەتە بەردەم ماڵی مازن و دواتر چوونەتە ژوورەوە و کوشتوویانە.
"کوژراو" ناوی مازن رەشیدە و لە دایکبووی 1992ـە و دانیشتووی گەرەکی بەهارە لە ناحیەی بەحرکە. ئەو هاونیشتمانییە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور کرێکار بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێریش بۆ پەیامنێری رووداو، "مازن بە هاوژینەکەی گوتووە، ئەم دوو رۆژە مەچووە دەرەوە؛ کێشەیەکم هەیە تاوەکو چارەسەری دەکەم."
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێ کەسەی چوونەتە ماڵی مازن لە ژووری نووستن مازن و هاوژینەکەیان بەستووەتەوە و دوای ئەوەی مازن هەوڵی داوە بەرگری لە خۆی بکات بە 12 چەقۆ کوژراوە کە بەشێکی لەسەر چاو و سنگی دراوە.