لە 10 ساڵدا 55 مامۆستا لە تورکیا و باکووری کوردستان وازیان لە گوتنەوەی وانەی کوردی هێناوە


رووداو دیجیتاڵ

لە باکووری کوردستان و تورکیادا لەنێوان ساڵانی 2012 و 2024دا، 199 مامۆستای کوردی دامەزران؛ 153 مامۆستای کرمانجی و 46 مامۆستای زازاکی. 45 مامۆستایان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 بەشەکانیان گۆڕیوە و 10 مامۆستاش بوون بە فەرمانبەری حکومی یان دەستیان لە مامۆستایەتی هەڵگرتووە.
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) لە بازنەی مێرسین، وەڵامی وەزارەتی پەروەردەی تورکیای سەبارەت بە ژمارەی مامۆستایانی کوردی بۆ رووداو ناردووە و گوتی: "کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مامۆستایانی کوردی و وانەی بژاردەی کوردی". 
 
وەزارەتەکە لە وەڵامەکەیدا باسی ساڵانی 2012 تاوەکو 2022 دەکات و دەڵێت: "لە 10ساڵدا 147 مامۆستای کرمانجی و 42 ـی مامۆستای زازاکی، کۆی گشتی 189 مامۆستای کوردی دامەزراون". لە ئایاری 2024یشدا وەزارەتی پەروەردەی تورکیا 10 مامۆستای دیکەی کوردی دامەزراند؛ شەش مامۆستای کرمانجی و چواری زازاکی؛ بەوەش کۆی گشتیی ژمارەی مامۆستایانی دامەزراو گەیشتە 199 مامۆستای کوردی بۆ هەردوو زاراوەکە.
 
بەپێی وەڵامی وەزارەتەکە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، 36 مامۆستای کرمانجی و 9 مامۆستای زازاکی بەشەکانیان گۆڕیوە و روویان لە بەشەکانی دیکە کردووە. 10 مامۆستاش بوون بە فەرمانبەری حکومی یان دەستیان لە مامۆستایەتی هەڵگرتووە
 
هودایی مۆرسومبول، مامۆستا و چالاکڤانی زمانی کوردی، سەبارەت بە گۆڕینی بەش لەلایەن مامۆستایانی زمانی کوردییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مامۆستایانی کوردی بەهۆی کێشەکانەوە بەشی خۆیان دەگۆڕن و زیاتر دەچنە بەشی تورکی و زانستی کۆمەڵایەتی. 
 
مۆرسومبول دەڵێ، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گۆڕینی بەش لەلایەن مامۆستایانی کوردی، هەڵوێستی کارگێڕانی قوتابخانەکانە بەرامبەر وانەکانی کرمانجی و زازاکی، چونکە کارگێڕانی قوتابخانەکان وانەکان کەم دەکەنەوە و نایانەوێت وانەی کوردی بخوێنرێت. 
 
ئەو مامۆستایە گوتیشی: "ئەگەر هەفتانە وانەی کوردی بژاردە لە قوتابخانەیەکدا لە 15 کاژێر کەمتر بێت، پێویست بە مامۆستای کوردی لەو قوتابخانەیە ناکات. نەبوونی وانەی بژاردەی کوردی هۆکاری سەرەکییە بۆ گۆڕینی بەش لەلایەن مامۆستایانی کوردییەوە". 
 
مورسومبول سەبارەت بە وانەی بژاردەی کوردی گوتی: "هەرچەندە بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ئاستی وەزارەت، 26 هەزار قوتابی وانەی بژاردەی کرمانجی و حەوت هەزار قوتابیش وانەی بژاردەی زازاکییان بۆ ساڵی 2024-2025 هەڵبژاردووە. کاتێک بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، دەبینرێت کە زۆرترین قوتابی لە چەولیگ، مێردین و ئێلیهـ وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە".
 
ئەو مامۆستایە پێی وایە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی وانەی کوردی زیاتر بکرێت، رازیکردنی کارگێڕی قوتابخانەکان گرنگترە نەک خێزانەکان.