زیاتر لە 80 کۆچبەری کورد لە دەریای ئیجەدا رزگاردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 80 کۆچبەر کە هەموویان کورد بوون لە دەریای ئیجە بەلەمەکەیان لە کارکەوت و دواتر رزگارکران.
رۆژی دووشەممە، 19-06-2023 پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان لە ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای کاژێر 12:00ـی شەو ئاگادارکراینەوە کە زیاتر لە 80 کۆچبەر لە دەریای ئیجە بەلەمەکەیان لە کارکەوتووە و پێویستیان بە هاوکارییە؛ پەیوەندیم بە هێزی دەریاوانی یۆنانەوە کرد بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن."
بە گوتەی پێشرەو عەبدوڵڵا، ئەو کۆچبەرانە هەموویان کورد بوون و نزیکەی 10 منداڵ و ئافرەتێکی دووگیانیش لە بەلەمەکەدا بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەیانی ئەمڕۆ هەموویان رزگارکراون و بۆ کامپە داخراوەکانی کۆس لە باکووری دەریای ئیجە گوێزراونەتەوە.
ئەو بەلەمەی کۆچبەران لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا چووە. نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان لە ئەوروپا دەڵێت، "بە گوێرەی یاسا، ئەو کەسانەی لە ئاودا رزگاردەکرێن مافی ئەوەیان هەیە داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، بەڵام ماوەیەکە یۆنان پابەندی ئەو یاسایە نابێت و زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی رزگاردەکرێن دیپۆرت دەکاتەوە."
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 70 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا؛ لەو ژمارەیە 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان و نزیکەی هەزار کۆچبەریش لە دەریای نێوەڕاست خنکاون یان بێسەرشوێن بوون.