لە هەولێر ئافرەتێک لەدوای منداڵبوون گیان لەدەستدەدات؛ "پزیشکەکە بەهانایەوە نەچووە"
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ یەکشەممە هاونیشتمانییەک بە ناوی ژاڵە فارووق لە شاری هەولێر لە کاتی منداڵبوون لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت گیانی لەدەستدا. براکەی دەڵێت، "خوشکەکەم لەگەڵ پزیشکەکەی قسەی کردبوو و دەبووایە کاژێر 7:00ـی بەیانی لە نەخۆشخانە بوونایە، بەڵام پزیشکەکەی لە کاتی دیاریکراودا نەگەیشت. خوشکەکەم کاژێر 11:00ـی پێشنیوەرۆ تووشی خوێنبەربوون بوو، ئەو کات پزیشکەکەی گەیشتە نەخۆشخانە."
رۆژی دووشەممە، 19-06-2023 ئارام فارووق، برای ژاڵە فارووق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی شەممە 17ـی ئەم مانگە خوشکەکەم تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو لە ماڵی باوکم بووە، دواتر کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کردووە بۆ ئەوەی منداڵی ببێت. ئەو لەگەڵ پزیشکەکەی خۆی کاژێر 7:00ـی بەیانی بۆ یەکدی بینین و منداڵبوونەکە داناوە، بەڵام پزیشکەکەی لە نەخۆشخانە ئامادە نەبووە."
بڕیار بووە ژاڵە فارووق بە سرووشتی منداڵی ببێت. براکەی دەڵێت، "کاژێر 7:00ـی بەیانی خوشکم بردراوە ژوورەوە و منداڵی بوو و هەموو شتێک باش بوو، بەڵام لە پڕ تووشی خوێنبەربوون بوو. بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت زیاتر لە 10 جار پەیوەندیمان بە پزیشکەکەی کرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە، دواتر کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی کرد."
بە گوتەی براکەی، دوای ئەوەی ژاڵەی خوشکی تووشی خوێنبەربوون دەبێت نزیکەی 40 بوتڵ خوێنی بۆ دەهێنن لە نەخۆشخانەی رزگاری و دەڵێت، "بە پزیشکەکەمان گوت بۆچی زووتر و لە کاتی خۆی سەردانی خوشکەکەمت نەکرد؟ بۆچی لە نەخۆشخانە نەبوویت؟ وەڵامی ئەویش ئەوە بوو کە "هەر ئێوە نەخۆشتان نییە؛ نەخۆشی دیکەش هەبووە".
ئارام فارووق دەڵێت، "خوشکم خوێنی کەم بووە و ئاگاداری پزیشکەکەی کردبووەوە کە ئەو کێشەی هەیە، جگە لەوە هیچ کیشەیەکی تەندروستی نەبووە، بەڵام درەنگ بە هانایەوە هاتن."
ژاڵە فارووق تەمەنی 34 ساڵ و خاوەنی سێ منداڵە. براکەی دەڵێت، سکاڵایان تۆمارکردووە و دەشڵێت: "کەسوکاری ئەو پزیشکە سەردانی ماڵی ئامۆزایەکی باوکمیان کردووە بۆ ئەوەی لێیان خۆشبین."