نەخۆشخانەی پێشووی فریاکەوتنی دهۆک داخرا و نەخۆشخانەیەکی نوێ کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەوتنی دهۆک داخرا و نەخۆشخانەیەکی نوێ کرایەوە. تەندروستیی دهۆک دەڵێت، هەموو جۆرە رووداو و نەخۆشەکان لە ئەمڕۆوە رەوانەی فریاکەوتنی نوێ دەکرێن. 
 
رۆژی دووشەممە 19ـی حوزەیرانی 2023، دکتۆر ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بە فەرمى دەرگای نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەوتن لە گەڕەکى شێلێ داخرا و دەرگای فریاکەوتنی نوێ لە تەنیشت نەخۆشخانەی ئازادى کرایەوە و هەموو نەخۆشێکى فریاکەوتن و رووداوەکان لەو نەخوشخانەیە چارەسەر دەکرێن."  
 
لەبارەی جیاوازی و گرنگیی ئەو نەخۆشخانەیە، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند: نەخۆشخانەی نوێ لەسەر سیستمێکى پێشکەوتوو دروستکراوە، 130 قەرەوێڵە و چوار ژوورى نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت. هەروەها "تاقیگە و 10 قەرەوێڵەی چاودێری چڕى تێدایە. ئێستا وەکو بەشى فریاکەوتنی سەر بە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک کاردەکات." 
 
لەبارەی شوێنى نەخۆشخانەی کۆنى فریاکەوتنی دهۆک، دکتۆر ئەفراسیاب موسا رایگەیاند، ئەو نەخۆشخانەیە نۆژەندەکرێتەوە و لە نزیکەی ساڵێکدا دەبێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە، بەوەش دەبێتە یەکەم نەخوشخانەی شێرپەنجە لە دهۆک.
 
دکتۆر مستەفا موفتى، جێگرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بە رووداوی گوت، رۆژانە نزیکەی هەزار نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەیان دەکەن، "بەشێکى زۆریان دوای وەرگرتنى چارەسەر، نەخۆشخانەکەمان جێدەهێڵن."
 
نەخۆشخانەی نوێی فریاکەوتنی دهۆک بە هاوکاریی رێکخراوی جى ئاى زێدی ئەڵمانی و لە ماوەی شەش ساڵدا دروستکراوە.