لە تورکیا زۆرترین و کەمترین منداڵ لە پارێزگاکانی باکووری کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
نوێترین ئامار لە بارەی رێژەی منداڵ لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە. بەپێی ئامارەکە زۆرترین منداڵ و کەمترین منداڵ لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان.
ئامارەکە رۆژی هەینی 19-04-2024 لەلایەن دامەزراوەی ئاماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە. بەپێی ئامارەکە لە ساڵی 2023دا رێژەی منداڵ لە رووها زۆریرین بووە، 44٪ بووە،
هەروەها شرنەخ 40.5٪، ئاگری 38.2٪ و موش 38.2٪ بووە.
ئەو پارێزگایانەی کەمترین رێژەی منداڵانیان تێدایە دێرسمی باکووری کوردستانە بە 16.5٪، لە تورکیاش پارێزگاکانی ئەدیرنە بە 17.5٪ و کرکڵارئەلەلی 18.3٪ کەمترین رێژەی منداڵیان هەیە.
ساڵی 2022 یەک ملیۆن و 35 هەزار و 795 منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان لەدایکبوون. 531 هەزار و 946 منداڵیان کوڕ و 503 هەزار و 849 منداڵیان کچن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان 43.6٪ـی خێزانەکان لانیکەم منداڵێکیان لە تەمەنی نێوان 0-17 ساڵدا هەیە. پارێزگای رووها لەو رێژەیە یەکەمە.
لە روها 69٪ـی ماڵەکان لانیکەم یەک منداڵیان هەیە کە تەمەنی لە نێوان 0-17 ساڵدا بێت. ئەم رێژەیە لە دێرسم 29.1٪ و لە پارێزگای سینۆپ ـی تورکیا 29.1٪ـە.