رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی دانیێل میترانی فەرەنسی لە هەولێر، لە بارەی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی مامۆستایێکی بۆ سەر قوتابیێکی حەوت ساڵانی قوتابخانەکە، روونکردنەوە دەدات.
رۆژی چوارشەممە قوتابخانە ئەهلییەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لەگەڵ پێشکێشکردنی سکاڵاکە، مامۆستا تۆمەتبارەکە لەلایەن قوتابخانەکەوە دەستبەجێ لە کارەکەی دوورخرایەوە. مامۆستاکە دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
قوتابخانەکە هەروەها پابەندبوونی خۆی بە لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگە لە دۆسیەکەدا نیشاندەدات و دەڵێت "قوتابخانەکە لەگەڵ پۆلیس لەهاوئاهەنگیدایە و بە تەواوی بەشداریی لە لێکۆڵینەوەکەدا دەکات".
رۆژی چوارشەممە، کارزان سەید تەحسین، پارێزەری سکاڵاکار، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی "سەرەتای مانگی دوو، دایکی کچەکە هات و باسی بابەتەکەی کرد، چوومە سەر پەڕاوەکەی، دەرکەوت ئەو منداڵە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر".
قوتابخانەی دانیێل میتران دەڵێت "قوتابخانەکە [ـمان] بەرنامەیەکی پەروەردەیی و هۆشیاری بەهێزی هەیە بۆ خوێندکارەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان هەر رەفتارێکی ناگونجاو ببینن، سکاڵای لە بارەوە بکەن".
قوتابخانەکە هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر منداڵان لە قوتابخانەی فەرەنسیی دانیێل میتران لە هەولێر قبوڵ ناکرێت. قوتابخانەکە[ـمان] هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی خوێندکارانی قوتابخانەکە، لەوانەش هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی ئەو منداڵە".
سوعاد ئەلنەسیمی، دایکی منداڵەکە، هاوشێوەی پارێزەری کچەکەی، لە بەرنامەی بەرپرسیاردا ئاماژەی بەوە کرد، گومانیان هەیە ژمارەیەک منداڵی دیکەش لە لایەن هەمان مامۆستاوە دەستدرێژییان کرابێتەسەر، چونکە کچەکە ئەوانیشی لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا "بینیوە".
قوتابخانەی دانیێل میتران دەڵێت "هیچ منداڵێکی دیکە نەهاتووە بە هەمان سکاڵا، بەڵام ئەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادوەرە کە بڕیار لەسەر ئەوە بدات".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی قوتابخانە فەرەنسییەکەدا هەروەها هاتووە "بۆ تەندروستی ئەو منداڵە و هەموو منداڵانی دیکەی قوتابخانەکە، ئێمە داوا
دەکەین رێز لە لێکۆڵینەوەی دادوەری بگیرێت، کە هەموومان ڕێگە بە کات بدەین بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکە و دادگا بۆ گوێگرتن و پێداچوونەوە بە هەموو بەڵگەکان و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە".
کاوە ئەکرەم، پارێزەری مامۆستا تۆمەتبارەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی "تۆمەتبار بە ماددەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. کەیسەکە هەستیارە و لێکۆڵینەوەکان زۆر نهێنین. تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو تاوانبارییەکەی لە دادگەی تایبەتمەنددا دەسەلمێنرێت".
دایکە مەغریبییەکەی کچەکە ئاماژە بە هەبوونی گومان لە رەفتاری کچەکەی دەکات و دەڵێت "ساڵێک پێشتر گومانم هەبوو کە گێچەڵی سێکسی بە کچەکەم دەکرێت، بەڵام بیرم بۆ دەستدرێژیی سێکسی نەچوو. سێ مانگە هەستمان بە بابەتەکە کردووە و کچەکەمان بردە لای پزیشک".
سوعاد ئەلنەسیمی دەڵێت "ئەو دەستدرێژییەی کە کراوە، سەرەتا لە ژووری وەرزش لە قوتابخانەکە کراوە، پێشتر کامێرای چاودێری نەبووە، بەڵام ئێستا کامێرای
چاودێرییان داناوە. کاتێک کە وەرزش دەکەن. پێم وایە دیمەنی کامێراکانی چاودێری سڕاوەتەوە. چونکە لە کامێراکاندا هیچ شتێک دەرنەچووە. پۆلیس لە بابەتەکە ئاگادارکرایەوە و چوونە قوتابخانەکە".
پارێزەری منداڵەکە گومانی لەوەیە ڤیدیۆکانی کامێرای چاودێریی لە قوتابخانەکە، ئەو بەشانەیان لێ بڕابێت کە مامۆستا و کچەکە بەیەکەوە نیشاندەدەن. داوایشی لە دادگە کردووە، منداڵەکانی دیکەی قوتابخانەکەش پشکنینیان بۆ بکرێت و بزانرێت ئەوانیش دەستدرێژییان کراوەتەسەر یاخود نا.
قوتابخانەی دانیێل میتران دەڵێت: "چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگا دەکەین پێش ئەوەی لێدوانی زیاتر لەسەر ئەم کەیسە بدەین".
باوکی کچەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی "منداڵەکەم دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و نەدەبوو لە قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتیی فەرەنسی ئەو کارەبکرێت، تاوانێکی گەورەیە بۆیە نیگەرانین".
بەگوتەی باوکە ئەڵمانییەکە، کاتێک لە ئەڵمانیا لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە بابەتەکە ئاگادارکراوەتەوە، "راستەوخۆ" تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کردووە و "تووشی سەرسوڕمان" بووە کاتێک کە خانمە بەڕێوەبەرەکە پێی گوتووە "بەڵێ، کچەکەت دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتەسەری".
سەبارەت بە راددەی دڵنیابوونەوەی لە راستی رووداوەکە، باوکی کچەکە ئاماژە بە هەبوونی بەڵگە دەکات، "پشکنینی پزیشکی لەسەر کچەکەم کراوە و پێم وایە بەڵگەی پێویست هەیە، نازانم بۆچی بەڕێوەبەرەکە گوتی: بەڵێ دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کچەکەت. دیارە بەڵگەی لایە".
باوکەکە داوای کرد بە گوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا بکرێت و "دەستدرێژیکار سزابدرێت".
دەقی راگەیێندراوی قوتابخانەی دانیێڵ میتران:
سکاڵایەک هەیە لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵێک کە لەژێر لێکۆڵینەوەی دادگادایە. دوابەدوای بڵاوکردنەوەی سکاڵاکە، مامۆستا تۆمەتبارەکە دەستبەجێ لە بەرپرسیاریێتییەکانی دوورخراوەتەوە لەلایەن قوتابخانەوە. مامۆستاکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
قوتابخانەکە لە سەرەتای دەستپێکردن بە لێکۆڵینەوەی پۆلیسەوە بەشداری تەواوی لێکۆڵینەوەکەی کردووە. قوتابخانەکە بەرنامەیەکی پەروەردەیی و هۆشیاری بەهێزی هەیە لەگەڵ خوێندکارەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە منداڵان هەر ڕەفتارێکی ناگونجاو ببینن، ڕیپۆرتی بکەن. هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر منداڵان لە قوتابخانەی فەرەنسی دانیێل میتران لە هەولێر قبوڵ ناکرێت.
قوتابخانەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی خوێندکارانی قوتابخانەکە، لەوانەش هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی ئەو منداڵە. قوتابخانەکە بە تەواوی ڕێز لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەگرێت کە لەلایەن پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەرییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
هیچ منداڵێکی دیکە نەهاتووە بە هەمان سکاڵا، بەڵام ئەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادوەرە کە بڕیار لەسەر ئەوە بدات. بۆ تەندروستی ئەو منداڵە و هەموو منداڵانی دیکەی قوتابخانەکە، ئێمە داوا دەکەین ڕێز لە لێکۆڵینەوەی دادوەری بگیرێت، کە هەموومان ڕێگە بە کات بدەین بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکە و دادگا بۆ گوێگرتن و پێداچوونەوە بە هەموو بەڵگەکان و دادگاییکردنەکە.
قوتابخانەکە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگا دەکات پێش ئەوەی لێدوانی زیاتر لەسەر ئەم کەیسە بدات.