لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی راپۆرتێکیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێکهێنا، ئەمڕۆ لیژنەکە چوونە فڕۆکەخانەکە و راپۆرتێکیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
دکتۆر سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ وەکو سەرۆکی لیژنە و هەر یەکە لە بەمۆ عومەر، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆ، هەستیار ئەسعەد، راوێژکار لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و عەقید ئاسۆ عەلی، لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەندامانی لیژنەکە بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-04-2023، لیژنەکە ئەمڕۆ چوونەتە فڕۆکەخانە و راپۆرتێکی وردیان ئامادە کردووە و بەرزیان کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کاری لیژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاسانکاریی بۆ کاری لیژنەکە کراوە و هەموو ئەندامانی لیژنەکەش واژۆیان لەسەر ئەو راپۆرتە کردووە کە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرکراوەتەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 7ـی نیسانی 2023، دووکەڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە"، بەڵام دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
ئەو کات رووداو زانیاری لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستکەوت کە ئامانجی هێرشەکە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بووە، بەڵام ناوبراو و تیمەکەی بە سەلامەتی رزگاریان بوو.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 9ـی نیسانی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشی درۆنیی رۆژی هەینی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی "لەدوای ئەوەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری سلێمانی کۆتاییهات، دوای نیوەڕۆ کاتێک دەگەڕاینەوە، ئەو کاروانەی ئێمەی تێدابوو، هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدابوو. ئەوکاتە درۆنی چاودێریی تورکیا هاتنە شوێنەکە، بەڵام هێرشەکەیان بێ ئەنجام بوو و شکستی هێنا".
هاوکات دوای رووداوەکە، فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە گوتی ''پشتڕاستی دەکەینەوە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".