لە وان سێ قاچاخچی خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وان 10 کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکران و سیانیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی وان ئەم ئامارانەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی وان، تیمەکانی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە کۆچبەران لە رۆژانی 12-18ـی شوباتی 2024، چەند ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە و 10 کەسیان بەو تۆمەتانە دەستگیرکردوون.
دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی وان، بە بڕیاری دادگە سێ لە دەستبەسەرکراوەکان بەتۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە خراونەتە زیندان و حەوت کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکراون.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی توندوتۆڵ کردووە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەری ئەفغانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەردەکرێن