کەسێکی نزیک لە لاهوور جەنگی: بەرنامەی هەڵبژاردنمان ئامادەیە و چاپ کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

لاهوور شێخ جەنگی لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت و ئامادەکاری کردووە بۆ لیستەکەی، کەسایەتییەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، قسە لەگەڵ زۆر کەسایەتی و خەڵکی ناسراوە لە کوردستان کراوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە لیستەکە بکەن و ببنە بەشێک لێی.
 
سەرتیپ جەوهەر، کەسایەتی نزیک لە لاهوور جەنگی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: ئێستا خواستێک هەیە بۆ گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان، بۆیە لاهوور شێخ جەنگی بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و دێتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.
 
تاوەکو ئێستا لاهوور شێخ جەنگی حیزبی دروست نەکردووە، سەرتیپ جەوهەر باس لەوە دەکات، چاوەڕوانی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە، "ئەگەر پێویست بە حیزب بکات ئەوا ئامادەکاری بۆ کراوە، لە هەولێر و لە بەغدا، لەگەڵ دەستپێکردنی رێکارەکانی کۆمیسیۆن ناوی لیستەکە و لۆگۆ و بەرنامەی کارەکە بڵاو دەکرێتەوە."
 
لاهوور شێخ جەنگی و تیمەکەی قسەیان لەگەڵ زۆر کەسایەتی و خەڵکی ناسراو لە هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو پشتیوانیان بکەن. ئەو کەسایەتیە نزیکەی لاهوور شێخ جەنگی ئەوەشی گوت، بە تایبەت قسە لەگەڵ ئەوانە کراوە کە خواستی گۆڕانکارییان هەیە، "بەشێکی ئەوانەش پشتیوانی لیستەکەن و ئامادەییان دەربڕیوە."
 
بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی ئەوانەی لە لیستەکەدا دەبن لە یەکێتین. لیستەکەش خۆی لە هەناوی یەکێتییەوە هاتووەتە دەرەوە کاتێک لاهوور شێخ جەنگی، دامەزرێنەری پێشتر هاوسەرۆکی یەکێتی بووە. 
 
سەرتیپ جەوهەر باسی لەوەکرد، لاهوور شێخ جەنگی پێشتریش لە یەکێتی لەو هێڵە بوو کە دەیویست گۆڕانکاری بکات، بەڵام دواتر دەستوەردان رێگربوو، ئێستاش ئەم گرووپەی کۆبوونەتەوە دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن.
 
لەدوای رووداوەکانی 8ـی تەممووز، بافڵ تاڵەبانی لاهوور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکیی حیزبەکە دەرکرد و لە کۆنگرەی نوێدا بە دەنگی ئەندامان وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا. سەرتیپ جەوهەر لە باسی ئەو رووداوانەدا دەڵێت، "ئێستا یەکێتی دامەزراوەی بڕیاردانی نییە و تەنیا یەک کەس بڕیار دەدات، ئەوەی یەکێتی بەناوی کۆنگرەوە کردی کۆنگرە نەبوو."
 
لەکاتی راگەیاندنی لیستەکە و کارکردن بۆ تۆمارکردنی، رێگری لە لاهوور شێخ جەنگی کراوە بە رێگەی جۆراوجۆر، ئەمە وەکو سەرتیپ جەوهەر باسی دەکات. "لە بەغدا رێگری بۆ بەشداری لاهوور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردن کراوە، رێگرییەکەش هەمان ئەو لایەنەیە کە دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت، دەستێکی هەرێمی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی نەبوونی لیستی لاهوور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان... ئێران دەستی هەیە لەو گۆڕانکارییانەی لە عێراق دەکرێن."
 
بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە گوتەی ئەو کەسە نزیکەی، تەواو بووە و چاپ کراوە. بەرنامەکەش هەموو سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، "ئێمە نامانەوێ رکابەریی یەکێتی بکەین، ئێمە رکابەری هەموو حیزبەکان دەکەین، زەمینەی باش هەیە بۆ هەر کەسێک بیەوێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات."
 
رۆژی یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، لاهوور شێخ جەنگی لە نوێترین پەیامی ڤیدیۆییدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، "ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێ بازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان، لێمان دەخوازێت کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین، پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە رێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین، ئەوەش لە ئێستادا تەنیا و تەنیا بە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی دەنگدەران دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا."
 
تاوەکو ئێستا دوو جار کاتی هەڵبژاردن کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە، دواخراوە. بڕیاریشە دادگەی فیدراڵی لە 21-2-2024 سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە.