رێباز حەملان: لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لێکتێگەیشتنێکی "باش" لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە. گوتیشی، بەشێک لە دانوستاندنەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گازە، "دەبێت ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت." 
 
رۆژی یەکشەممە 19-02-2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت، "سەردانەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بابەتێکی نوێ نییە و لەکابینەی مستەفا کازمیش دانوستاندنی زۆر کراوە و تەنیا میکانیزمی رێککەوتنەکان ماون." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق چوونە بەغدا.
 
رێباز حەملان گوتی، دەبێت پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 ئامادە بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت. گوتیشی، دانوستاندن لەسەر ئەوە کراوە کە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان کە پێشتر 12.67٪ بوو، بکرێتە 14٪. هەروەها قسە لە پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستان کراوە. 
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشێک لە دانوستاندنەکان لەسەر ئەوە دەبێت "یاسای نەوت و گاز بۆ هەموو عێراق دەربچێت کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 16-02-2023 د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە لەبارەی بۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی لە یاسای نەوت و گاز بە رووداوی گوت: "هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێشێل نەکرێت و مافیان بەسەر سامانە سرووشتییەکانەوە هەبێت، بۆیە هەرێمی کوردستان و شاندەکەشی پێیانوایە باشترین رەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئەوەیە لە ساڵی 2007 نووسرایەوە و دواتر پەکخرا، چونکە لەوێ تاڕادەیەکی زۆر مافی هەموو پارێزگا و هەرێمەکان دەستەبەر کراوە و هەموو شتێک ناوەندی نییە."
 
رێباز حەملان دەڵێت، "لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە و چوونی ئەو شاندانە بۆ ئەوەیە لەسەر دۆسیەی دارایی و دۆسیەی نەوت بە رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن بگەین." 
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران گوتیشی، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا بابەتی بودجە و نەوت نییە، بەڵکو ناوچە دابڕاوەکانە، پرسی شنگال، کەرکووک، پرسی پێشمەرگە و مافی جووتیارانی هەرێمی کوردستانن.
 
رێباز حەملان لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکان رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە سەردانی پێشووش ئەنجامی هەبووە، بەڵام تائێستا بودجە دەرنەچووە کە ئەنجامەکەی دەربکەوێت، ئەنجامی سەردانەکان زۆرباشن و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بەردەوام لە پەیوەندیدان."
 
هەر ئەو شاندەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدایە، لە 11-02-2023 سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد.