بەشی دووەمی شەقامی 120 مەتری هەولێر 11 کیلۆمەترە

رووداو - هەولێر 

بەشێکی دیکەی شەقامی 120مەتری لە هەولێر کرایەوە، قۆناخی دووەمی رێگاکە 11 کیلۆمەتر دووسایدە و بە 50 ملیۆن دۆلار تەواوکراوە.


کۆمپانیای هێمن گرووپ خەرجی تەواوکردنی گرتووەتە ئەستۆ، کەی حکومەت پارەی هاتەدەست دەیداتەوە، پڕۆژەکە ستراتیژییە بەشێوەی بازنەیی دەسوڕێتەوە بەدەووری هەولێردا رێگای هەولێر - پیرمام راستەوخۆ بە هەولێر - کۆیە دەبەستێتەوە. 

چەند وەزیرێکی حکومەت و پارێزگار و ژمارەیەکی زۆر بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی هەولێر بەشەقامەکەدا رۆشتن و دوای راوەستانیش باسی گرنگی شەقامەکەیان کرد.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە رووداوی راگەیاند "ئەو پڕۆژەیە گرنگییەکی ستراتیژی زۆر گەورەی بۆ شاری هەولێر هەیە، بەدڵنیاییەوە ئەوە ئەوەمان پێدەبەخشێت کە سەرەڕای قەیران بە جیهانی نیشاندەدەین کە ئێمە بەردەوامین لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی شارەکەمان".

 

بەشی دووەمی شەقامی 120مەتری هەولێر 11 کیلۆمەترە و دوو سایدی رێگای خێرا و دوو سایدی خزمەتگوزاریە، لە رێگای هەولێر-پیرمام دەستپێدەکات و لە رێگای هەولێر -کۆیە کۆتاییدێت. 

کۆمپانیای هێمن گرووپ بە 50 ملیۆن دۆلار پڕۆژەکە جێبەجێدەکات و بە قەرز و خاوەنەکەی دەڵێت، بە حکومەتمان گوتووە هەرکات پارەتان هەبوو بماندەنەوە.

خالید خۆشناو، خاوەنی هێمن گرووپ بە رووداوی راگەیاند: "کردنەوەی ئەم شەقامە دەبێتە دیارییەکی گەورەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی هەولێری خۆشەویست، من وەکو کوڕێکی خەڵکی ئەو شارە بە خۆشحاڵییەوە وامکردووە خزمەتی هەولێر و شارەکەم بکەم".

چاوەڕێدەکرێت کردنەوەی بەشی دووەمی شەقامی 120مەتری کەمێک لەو جەنجاڵییە کەمکاتەوە کە لە شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر هەیە، شەقامێکی پان و گەورەیە، 400 ستوونی کارەبای بۆ دانراوە بۆ ئەوەی بە شەویش وەک رۆژ رۆشن بێت، ناوەڕاستی شەقامەکەش هەمووی دەکرێتە گوڵ و سەوزایی، بە درێژایی شەقامەکەش هێماکانی هاتووچۆ دانراوە.  

بە کردنەوەی ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت قەرەباڵخی نێو شار کەمببێتەوە، بەتایبەت ئەو قەرەباڵخییەی لەنێوان رێگای هەولێر - کۆیە و هەولێر - پیرمام و نێوان ئەو دوو رێگایەدا هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی رابردووەوە بەشێکی دیکەی شەقامەکە لە رێگای شۆڕشەوە بۆ رێگای کەرکووک بە ئاراستەی شارۆچکەی عەینکاوەدا کراوەتەوە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن