لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە گەرمیان کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، لە قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستداوە، خۆی کێشاوە بە راگری شەقامێکدا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە لە قەزای کەلار لە نزیک زانکۆی گەرمیان روویداوە. سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتێک بارهەڵگرەکە خۆی بە راگری شەقامەکەدا کێشاوە، شۆفێرەکە کەوتووەتە خوارەوە، تایەکانی ئۆتۆمبێلەکە بەسەر جەستەیدا رۆشتوون و گیانی لەدەستداوە.
شۆفێرەکە لە رەگەزی مێ بووە، پیشەی مامۆستا بووە، لەدایکبووی ساڵی 1989 بووە و خەڵکی کەلار بووە.
شۆفێرەکە بەگوتەی سامان عەلی، مۆڵەتی شۆفێری هەبووە، بەڵام نازانن کە مۆڵەتەکەی بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بووە یان بۆ بارهەڵگریش بووە. لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.