لە دوو شەڕدا لە ئامەد و مێردین 11 کەس بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی ئارتوکڵوی سەر بە پارێزگای مێردین ـی باکووری کوردستان، شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا روویدا، بەوهۆیەوە نۆ کەس لە ئەندامانی هەردوو خێزان بریندار بوون. لە ئامەدیش بەهۆی شەڕەتەقەوە دوو کەس بریندار بوون کە پەیوەندییان بە رووداوەکەوە نەبووە. 
 
هەردوو رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2024 روویانداوە.
 
لە گەڕەکی کویولەری سەر بە شارۆچكەی ئارتوکڵو سەر بە پارێزگای مێردین، ناکۆکی و دەمەقاڵێ لە نێوان ئەندامانی دوو خێزان دروستبووە، دواتر بە داروبەرد بەربوونەتە گیانی یەکدی. لە هەردوولا نۆ کەس بە ناوەکانی عەبدوڵڵا، عەبدولخالید، سوات، وەفا، کەنعان، زەرگا ئاجار، ئەحمەد، عەبدولئیلاهـ و بەهیە چاڵیشکان بریندار بوون. 
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمە پزیشکییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە و فەرماندەیی جەندرمەش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، لە شارۆچکەی رەزان لە ناوەندی شاری ئامەد شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان دوو کەس روویدا و پاشان تەقەیان لە یەکدی کرد، بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون کە پەیوەندییان بە شەڕەکەوە نەبووە.
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی بۆ شوێنی رووداوەکە، بریندارەکان گەیێندرانە نەخۆشخانە.
 
ئەو دوو کەسەی تەقەیان کردووە، لە شوێنی رووداوەکە هەڵهاتوون و گەڕانی تیمەکانی پۆلیس بەدوای تۆمەتبارەکان بەردەوامە.