ئەندامێکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر: مامۆستای زانکۆ هەیە ئەڵقەی هاوژینی بۆ کرێی خانوو فرۆشتووە
رووداو دیجیتاڵ
بێمووچەیی و خراپبوونی باری دارایی خەڵکی، وایکردووە هاووڵاتییان دەست بۆ ئەو زێڕانە ببەن کە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییان کڕیویانن. ئەندامێکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێریش دەڵێت، کەس هەبووە مامۆستای زانکۆ بووە و ئەڵقەی هاوژینی بۆ کرێی خانوو فرۆشتووە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، خانمێکی دایکی 10 منداڵە و خۆی و هاوژینەکەی مووچەیەکی شەهیدانەی 300 هەزاری و مووچەیەکی خانەنشینی 500 هەزاریان هەیە، جووتێک گوارەی هێناوە و پرسیاری نرخی دەکات بۆ ئەوەی بیفرۆشێ، لە سەرەتای ئەو قەیرانەی کە دروستبووە تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 مسقاڵ زێڕیان بۆ بژێوی فرۆشتووە و ئێستا ناچارن دەست بۆ هەموو ئەو شتە بچووکانە ببەن کە لە ماڵەکەیان هەیە و نرخێک لە بازاڕ دەکەن.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "ئێمە خێزانین؛ من و پیاوەکەم هەر نەخۆشین، بەتەمای مووچە نازانین بە دەرمانی بدەین یان خەرجی، ناچارین زێڕت هەبێ لە ماڵێ دەیهێنی و دەیفرۆشی، نزیکەی 40 مسقاڵم فرۆشتووە و زۆرم فرۆشتووە، هەر زێڕمان فرۆشتووە و خەرج بکە."
کار و کاسبی زێڕنگرانی هەولێر لە نێو قەیسەری سست و تاقەتپروکێن بووە، ئەو کەمە سەردانیکارانەش کە دەبینرێن زۆربەی زێڕەکانیان دەفرۆشن و ئەو زێڕانەی کە دەشیفرۆشن پارچەی بچووکن نەک گەورە.
حاجی هەژار بازرگانێکی گەورەی نێو بازاڕەکەیە، بە گوتەی ئەو، زۆربەی کڕیارەکانیان ئێستا ئەوانەن کە ژیانی هاوبەش پێکدێنن.
هەژار قادر پارچە زێڕێکی بەدەستەوە گرتووە و دەڵێت، "ئێستا ئەمە بە نزیکەی 80 بۆ 100 مسقاڵە، ئەوەشیان 20 تا 30 مسقاڵە، بە نزیکەیی بووک لە ساڵەکانی 2012 ،2013 و 2014 لەگەڵ ساڵەکانی 2022 ،2023 و 2024 نزیکەی 50 مسقاڵ زەرەرێتی لەبەر ئەوەی خەڵک ئەو توانایەی پێشتری نەماوە، کڕیارمان هەبووە گوارەیەکی منداڵانی فرۆشتووە بە 30 هەزار واتە ئەوە ئاخیر بووە واتە باری ئابووریی خەڵک زۆر خراپە، ئێمە رۆژانە جار هەبووە پێویستمان نەبووە، بەڵام خەڵکەکە هێندە موحتاج بووە لێمانکڕیوەتەوە."
بەپێی داتاکان لە ساڵی 2023 نزیکەی 50 تۆن زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی هێنراوەتە نێو هەرێمی کوردستان و بازرگانی پێوەکراوە.
دانا وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت، "مووشتەری هاتووە بۆ لامان مامۆستای زانکۆ بووە، ئەڵقەی خێزانی فرۆشتووە یان گوارەی خێزانی فرۆشتووە تا کرێ خانووی پێبدات، سوێند بەخوا زێڕنگر هەبووە لە نێو ئەو بازاڕەی شاری هەولێر بۆ باسکردووم یەک هەفتە یەک دانە کڕین و فرۆشتنی نەکردووە یەک هەفتە."
بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023 مانگانە 906 ملیار دینارتەرخانکرابوو، بەڵام بەغدا لەدوای پەسندکردنی یاساکە، تەنیا 3 مووچەی ناردووە و هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی 3 مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و دیارنییە چارەنووسی مووچەکانی ئەم ساڵیش چۆن دەبێت.