تەرمی کەرەم میخائیل رەوانەی بەریتانیا کرا؛ هاوڕێکانی باسی پەیوەندییان لەگەڵیدا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێرەوە تەرمی کەرەم میخائیل، ئەو بازرگانەی لە بۆردوومانەکەی سەر هەولێر گیانی لەدەستدا دەبرێتەوە بۆ بەریتانیا. لە رێورەسمێکی ئایینیدا تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە.
کارمەندانی کۆمپانیاکەی کەرەم قسەیان بۆ رووداو کردووە، باس لەوە دەکەن، کەرەم میخائیل هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نەبوو، بەڵکو هەمیشە پەرەی بە کارە بازرگانییەکەی دەدا، یەکێک لە کارمەندان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو رۆژەی بۆردوومانەکەی تێداکراوە، کەرەم چووەتە کۆمپانیاکە و سوپاسی کردوون، بەهۆی ئەوەی مانگی رابردوو رێژەی فرۆشیان زۆر بووە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت رێوڕەسمی رادەستکردنی تەرمی کەرەم میخائیلە بە خانەوادەکەی؛ ئەو بازرگانەی شەوی 15 لەسەر 16ـی ئەم مانگە بووە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر.
هاوڕێ و کەسوکاری کەرەم لە کەنیسەی مارت شمۆنێی عەنکاوە لە هەولێر ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون و تەرمی کەرەمیان وەرگرتەوە.
نازم شاکر بۆ ماوەی 11 ساڵ لەگەڵ کەرەم کاری کردووە، بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە ئامادەی رێوڕەسمەکە بووە بۆ ئەوەی خوداحافیزی لە هاوپیشەکەی بکات.
نازم ئەندازیارە لە بەشی فرۆشتنی کۆمپانیای مەناهیل و دەڵێت، "کەرەم کەسێک بووە، زۆر زۆر دوور بووە لە سیاسەت. بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەوەیە کە خۆی خەڵکی موسڵە و کەسێکی کریستیانە، ئەوانە بەهیچ شێوەیەک تێکەڵی سیاسەت نابن. تەنیا ئەوەیە پیاوێکە بۆ خۆی کۆمپانیایەکی هەیە، چەند جارێک لای من گوتوویەتی حەزدەکەم خەڵک لای من ئیش بکات بۆ ئەوەی سوودمەند بن."
کەرەم لە ساڵی 1981 لە بەریتانیا لەدایکبووە و هەر لەو وڵاتە بڕوانامەی ماستەری لە کارگێڕیی بازرگانی بەدەستهێناوە؛ کار و ژیانی لەنێوان دوبەی، عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوو.
شەوی دووشەممە، میوانی بازرگان پێشڕەو دزەیی بوو کە دۆستێکی دێرینی ماڵباتەکەی بووە، کاتێک ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بەئاماج گیرا، ئەویش یەکێک بوو لە قوربانییەکان.
فارس لەهێبی، هاوڕێی کەرەمە و دەڵێت، "سەرەخۆشی لە خەڵکی خۆمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ شەهید بوونی ئەو دوو بازرگانە بە توانایە، بە راستی هەردووکیان هەڵوێستی جوانیان هەبوو، لەو کاتەوەی خەڵکی عێراق ئاوارە بوون و لە دەستانیان خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ ئێمە."
شەهد حەیدەرم یەکێکە لە کارمەندەکانی کۆمپانیای کەرەم و دەڵێت، "بەڕێز کەرەم هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نەبوو، چەند ساڵێکە ئێمە کارمەندی ئەوین، هیچ جارێک نەمان بینیوە خۆی تێکەڵی سیاسەت بکات، ئەو بزنسمان بوو و کاری بازرگانی هەموو شتێک بوو لە ژیانی ئەودا."
کەرەم میخائیل دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مەناهل رەیان بوو لە بەغدا و بریکاری سەرەکیی کۆمپانیای سۆنی و سامسۆنگ بوو لە عێراق.
ئیبراهیم یەکێک بوو لە کارمەندەکانی لە هەولێر، دوو ساڵە لە کۆمپانیاکەیدا کاردەکات، دەڵێت، وێڕای بچووکیی تەمەنی بەڵام بزنسمانێکی بەتوانا بوو.
لەبارەی کەرەمەوە دەڵێت، "ئەو دەیویست ئەو تەکنەلۆژیایەی لە دوبەی و بەریتانیا هەیە، بیهێنێتە هەولێر و بەغدا، وێڕای ئەوەی بە تەمەن بچووکە، بەڵام توانی سەربکەوێت، ئەو رۆژەی رووداوەکە دروستبوو، هاتە کۆمپانیا و سوپاسی کردین، لەبەرئەوەی رێژەی فرۆشمان لە مانگی رابردوودا زۆر بوو، دیاربوو دەیزانی کە ئەمە دوا رۆژەکانی ئەون."
ماڵباتی کەرەم میخائیل سەریدار بە بنەچە خەڵکی دەشتی نەینەوان. خۆی باوکی دوو منداڵ بوو، تەرمەکەی لەسەر داوای خانەوادەکەی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوێزرایەوە بەریتانیا.