لە بۆکان بەهۆی تەقینەوەی سیستمی گازی ماڵێک، دوو کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی سیستمی گازی ماڵێک لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس بریندار بوون و زیانی زۆریش بە ماڵەکە کەوت.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-12-2024) هاونیشتمانیەک بە ناوی هـ. نەسیرزادە لە شاری بۆکان بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی پەنگخواردنەوەی گاز لە ماڵێکی گەڕەکی جادە حەساری بۆکان، سیستمی گازی ماڵەکە تەقیەوە."
نەسیرزادە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی گازی ماڵەکە دوو کەس بریندار بوون و زیانی زۆریش بە خانووەکە کەوتووە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون و بریندارەکان گەیێنرانە نەخۆشخانە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین رووداوی تەقینەوەی سیستمی گازی ماڵان روودەدات، کە زیانی گەورەی مرۆیی و دارایی لێدەکەوێتەوە.
بەگوتەی بەرپرسان، ئەم تەقینەوانە بەزۆری بەهۆی کەموکوڕی لە سیستمی گاز و پابەندنەبوونە بە بنەماکانی سەلامەتی.