تەرمی مێرمنداڵە نیڤشکانەکەی ورمێ دۆزرایەوە؛ 'لە سەرما رەقبووەتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی مێرمنداڵێکی نیڤشکان، تەرمەکەی لە ناحیەیێکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە.
چوارشەممە (18-12-2024) هاونیشتمانییەک لە ناحیەی سلیوانای پارێزگای ورمێ بە رووداوی راگەیاند "تەرمی مێرمنداڵەکە لە گوندی میرئاباد دۆزرایەوە."
مێرمنداڵەکە ناوی ئەیاز کولکی بوو، تەمەنی 15 ساڵ بوو و دانیشتووی گوندی گۆجاری تەرگەوەڕی ورمێ بوو؛ سێ رۆژ لەمەوبەر لە ماڵ چووەتە دەرەوە و ئەمڕۆ بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییەی قسەی بۆ رووداو کرد، "تەرمەکەی لە نزیک بەنداوی سیلوانا لە گوندێکی چۆڵکراو دا دۆزرایەوە."
بەپێی پشکنینی پزیشکی، ئەو مێرمنداڵە نیڤشکانە، بەهۆی سەرماوە رەقبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەیاز کولکی رۆژی یەکشەممە لە ماڵەوە چووبووە دەرەوە و لەو کاتەوە کەسوکاری و تیمەکانی فریاگوزاری و خەڵکی ناوچەکە، بەدوایدا دەگەڕان.