لە شەڕی نێوان ئەندامانی بنەماڵەیەک لە ئاکرێ کەسێک کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە ئاکرێ بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان ئەندامانی بنەماڵەیەک روویدا، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " کوژراوەکە ناوی عەممار سەلامە و تەمەنی 25 ساڵ کوژرا، بریندارەکەش ناوی سنار قادووە و تەمەنی 50 ساڵە."
بەپێی سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئاکرێ بۆ رووداو، دوو کەس لە شەڕەکەدا بریندار بوون، کەسی دووەم ناوی یاسر سەلامە، ئەویش گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ.
قایمقامی ئاکرێ گوتی "تەرمی کوژراوەکە لە دادپزیشکییە."
بەگوتەی نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە ئاکرێ "هەردوو بریندارەکە بە دار و بەرد بریندار بوون، نەوەک گوللـە."
سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکەش، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد؛ شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بووە."
"تۆمەتبارەکان هەڵاتوون، بەڵام پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت و لە هەوڵی دەستگیرکردنیان دایە." ئەمەش وەک قایمقامی ئاکرێ بە رووداوی گوت.
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری رووداو لە بوڵتەنی کاژێر 17:00 باسی وردەکاریی شەڕەکە دەکات: