پۆلیسی سلێمانی: کەسێک دەستگیرکرا کە سزای دوو ساڵ بەندکردنی 'غیابیی' بەسەریدا سەپێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، کەسکێکیان دەستگیرکردووە کە لە دادگەی كەتنی دەربەندیخان سزای دوو ساڵ زیندانیی ئامادەنەبوو (غیابی) بەسەریدا سەپێندراوە.
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی زانیاری لەسەر تاوانبارێک گەیشتە دەستی مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دەربەندیخان، لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تاوانبار دەستیانپێكرد و سەرەنجام توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی دەربەندیخانی سەربە بەشی پۆلیسی دەربەندیخانەوە دەستگیر بكرێت."
بەگوتەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو تۆمەتبارە لەلایەن دادگای كەتنی دەربەندیخانەوە سزای دوو ساڵ زیندانی ئامادەنەبوو (غیابی) بەسەریدا سەپێندراوە و دەشڵێت، دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە تۆمەتبار لە چەند بنكەیەكی تر و بە چەند مادەیەكی جیاواز فەرمانی گرتنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەرچووە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبار بە ناوی ( ئـ. ک. ح.)ـە و لەدایكبووی 1981ـە و ئێستا راگیراوە؛ دوای رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێت.