لقی کەرکووکی کۆمیسیۆن: لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێکی تەکنیکی ئامێری یەدەگمان هێناوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، ئەو گرفتە تەکنیکییانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دروست بوون، ئەمڕۆ دووبارە نابنەوە "لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێکیش لە ئامێرەکاندا، ئامێری یەدەگمان هێناوە." 
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023 عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 7:00ـی بەیانی دەنگدان دەستیپێکردووە و تاوەکو 6:00 بەردەوام دەبێت، بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە. گوتیشی، "تائێستا پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت." 
 
رۆژی شەممە 16ـی ئەم مانگە، دەنگدانی تایبەت لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکەش لە کاژێر 6ی ئێوارە، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە نەنارد. عەبدولباست دەروێش دەڵێت، "ئەو گرفتانەی لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوون، ئەمڕۆ دووبارە نابنەوە. تیمی پسپۆرمان هەیە و لیژنە پێکهێندراوە. لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێکیش، راستەوخۆ ئەو گرفتە چارەسەر دەکرێت."
 
بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامێری یەدەگ هێنراون و لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێک لە ئامێرەکانی دەنگداندا راستەوخۆ بەکاردەهێندرێن".
 
ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013 لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت؛ یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005ـەوە لە کەرکووک دەکرێت.
 
لە پارێزگای کەرکووک 318 ناوەندەی دەنگدان و هەزار و 898 بنکەی دەنگدان هەن؛ 813 هەزار و 950 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.