جێگری پارێزگاری سنە: لە داهاتوویەکی نزیکدا دەروازەی کۆڵبەریی مڵەخورد دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری پارێزگاری سنە دەڵێت، دەروازەی سنووری مڵەخورد لە سنووری شاری سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێت.
 
ئەم دەروازەیە بۆ هاتووچۆی کۆڵبەران دەبێت.
 
عەلی نووری، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئابووری، کە رۆژی هەینی 17-11-2023، سەردانی سنووری مڵەخوردی لە هەورامان کردبوو، گوتی، "بۆ کردنەوەی ئەم سنوورە، دەبێت رێگەوبان و ژێرخانەکان ئامادە بکرێن" و ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی دەکەین و دوای ئەوەی هەموو رێکار و مۆڵەتەکان تەواو بوون، ئەم دەروازە سنوورییەش لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە".
 
عەلی نووری دەڵێت، "بێگومان کردنەوەی دەروازەی کۆڵبەریی مڵەخورد کاریگەری لەسەر بوژاندنەوە و پەرەسەندنی شاری سەوڵاوا دەبێت".
 
لە ماوەی رابردوودا دوو سنووری کۆڵبەریی دیکەش لە پارێزگای سنە کراونەتەوە.
 
بازاڕچەی سێفی سەقز دوای نزیکەی 11 ساڵ لە داخرانی، رۆژی 28-10-2023، بەڕووی هاتووچۆی کۆڵبەرەکاندا کرایەوە. دوو هەفتە پێشتریش، دوای شەش ساڵ لە داخرانی، بازاڕچەی هەنگەژاڵی بانە کرایەوە.
 
بازاڕچە سنوورییەکانی دیکەی پارێزگای سنە ساڵی 2016 داخران. ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووریی شارە سنوورییەکان هەبوو کە ئابوورییان گرێدراوی ئاڵوگۆڕی کاڵا و کەلوپەل لەو دەروازە سنوورییانەوە بوو.
 
جەعفەر تەوان، قایمقامی شاری سەقز لە کاتی کردنەوەی دەروازەی سنووری سێفدا گوتی، بازاڕچەکە "کاریگەری دەبێت لەسەر بژێوی دانیشتوانی سنوور، بەهێزترکردنی باری ئابووریی سنوورنشینەکان، دابینکردنی ئاسایشی سەقامگرتوو و ئاڵوگۆڕی کاڵا و کەلوپەل".
 
مڵەخورد دەکەوێتە نێوان گوندی دزڵی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارۆچکەی خورماڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان.