بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو بەرگریی شارستانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لە ئامادەییدان

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، پشتبەستن بە زانیارییەکانی کەشناسی، دووشەممە و سێشەممە لافاو دەبێت و "تیمەکانمان لە ئامادەییدان." بەرگریی شارستانیی سلێمانیش دەڵێت، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە تیمەکانیان خراونەتە ئامادەییەوە. بەرگریی شارستانیی دهۆکیش لە ئامادەییدایە. 
 
رۆژی شەممە، 18-11-2023، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کەشناسی، سبەی باران دەبێت، بەڵام بۆ رۆژی دووشەممە و سێشەممە لافاو دەبێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، لە شەپۆلی یەکەمی بارانەوە تیمەکانیان لە ئامادەییە و دەڵێت، "بۆ سبەینێش هەموو تیمەکانمان دەخرێنە ئامادەییەوە، هەشت بنکە لە ناو سەنتەری شار و هەشت لە دەورووبەر هەن و لە ئامادەییدا دەبن."
 
کاروان میراودەلی دەڵێت، "پشتبەستن بە زانیارییەکانی کەشناسی بێت لافاو سەنتەری هەولێر دەگرێتەوە، بەڵام ئێمە بەرنامەی تایبەتمان هەیە و هەر شتێک رووبدات بەگوێرەی پەیوەندی هاووڵاتییان دەچینە شوێنی رووداوەکان."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستاینی هەولێر گوتیشی، "لە 15ـی ئەیلوولەوە، شارەوانییەکان لە خاوێکردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوە ئاوییەکان ئاگادار دەکەینەوە، لەگەڵ تیمەکانی دیکەش کە قایمقامێت و وەڵامداناوەی خێرادا هاوئاهەنگین."
 
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوانیوەڕۆوە ئاگادارکراینەوە کە لە سبەینێوە باران دەستپێدەکات و مەترسی لافاو هەیە، هەر لەوکاتەوە تیمەکانمان خراونەتە ئامادەیی".
 
لە سەنتەری شاری سلێمانی، 11 بنکەی بەرگریی شارستانی هەن. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گوتیشی، "پار هیچ لافاوێک نەبووە و شتێکی ئەوەندە گرنگ نەبووە شایانی باس بێت، بۆ ئەم ساڵیش هەرشتێک هەبێت تیمەکان چارەسەری دەکەن." 
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆکیش لە ئامادەییدان؛ بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵانی رابردوو تیمەکانمان لە بوونی لافاو و بارانبارین ئاگاداردەکرانەوە، ئەم ساڵ ئاگادارنەکراوینەتەوە، بەڵام هەرکاتێک هەرشتێک رووبدات ئەوە تیمەکانمان لە ئامادەییدان و ئێشکگرمان هەیە."
 
لە نێو سەنتەری شاری دهۆک پێنج بنکەی بەرگریی شارستانی هەن، لە هەر ناحیەیەکیش بنکەیەک هەیە. بێوار عەبدولعەزیز دەڵێت،"ئەم ساڵ لە دهۆک لە هیچ شوێنێک لافاو نەبووە، لەدوایین بارانبارینیش لە بەشێک لە شەقامەکان مەنهۆڵەکان گیرابوون، بەڵام هەمووی خاوێن کرانەوە". 
 
ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە بە نێونیشانی "هۆشداری کەشناسی" بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی نێوەڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە باران لە تەواوی ناوچەکەمان بەشێوەی مامناوەند ببارێت؛ لەکاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی ئاماژە پێکراو قووڵتر دەبێتەوە و دابارینەکە زیاد دەکات و هەندێجار هەورە برووسکەی لەگەڵدا دادەبێت."
 
لە هۆشدارییەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلە، باران بەشێوەی لێزمە دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان وەکو شاری هەولێر، ئامێدی، چەمانکێ، شیلادزێ، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان."