شاخەوان عەبدوڵڵا: لیوای 20 لە مانگی 12 دەستبەکار دەبن

رووداو دیجیتاڵ

رێوشوێنەکانی دەستبەکاربوونی لیوای 20 تەواوکران و لە مانگی 12ـی ئەمساڵدا دەستبەکار دەبن، بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مووچەی مانگی 12ـش وەردەگرن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتوون، ئەمڕۆ (شەممە، 18-11-2023) وەزارەتی بەرگریی عێراق و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق سەرجەم ئەو رێکارانەیان تەواوکرد، کە پەیوەستن بە دەستبەکاربوونی لیوای 20ـی هاوبەش و، بڕیاردراوە لە 1-12 بەدواوە دەستبەکار بن. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند "ئەمشەو لەگەڵ سوپاسالاری عێراق بەڕێز عەبدولئەمیر یارەڵڵا لەبارەی لیوای 20 کۆبووینەوە و بڕیاردرا، تەواوی گرفتەکان بەلاوەبنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، "تاوەکو 1ـی 12 هەر هەموویان پەیوەندی بکەن و مووچەی مانگی 12ـیش وەرگرن.''
 
هەر کەموکوڕییەک لەڕووی کارگێڕییەوە هەبێت، بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دوای دەستبەکاربوونیان و ''لە چەند کاژێری داهاتوودا ناوەکانیشیان لەلایەن وەزارەتەوە رادەگەیێنرێت لەگەڵ ناوی فێرگەکانیان.''
 
لیوای 20ـی هاوبەش زیاتر لە سێ هەزار و 700 پێشمەرگە لەخۆدەگرێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.
 
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە، کە بۆشایین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردن.