لە گەرمیان چوارەمین فێستیڤاڵی بازاڕ بەڕێوەدەچێت؛ 'لە چیچانەوە بەشدارییان کردووە'

رووداو دیجیتاڵ

لە گەرمیان چوارەمین فێستیڤاڵی بازاڕ بەڕێوەدەچێت، زۆرینەی ئەوانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارییان کردووە کارە دەستییەکانیان نمایش کردووە، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن. 
 
تارا و شادان دوو هاوڕێی زانکۆن. سێ ساڵە بەشی ئینگلیزیی زانکۆی گەرمیانیان تەواو کردووە، لەڕێی هونەری دەستیان کارییان بۆ خۆیان دابینکردووە. فێستیڤاڵەکەیان کردووەتە هەلێک تاوەکو بەرهەمەکانیان لەوێ بفرۆشن. 
 
تارا رزگار، بە رووداوی گوت، "دوای تەواوکردنی زانکۆکەکەم لە قوتابخانەیەکی تایبەت دەوامم دەکرد بەڵام هەلومەرجی دەوام کردنیم بەدڵنەبوو، ئیدی کە لە ماڵەوە بووم وەکو خولیا حەزم لە مۆم دروست کردن بوو، بیرم لەوەکردەوە بیکەمە پیشەیەک و خاوەن پیشەی خۆم بم دەستم پێکردووە، ماوەی دوو ساڵە لەرێگەی پەیجەوە دەیفرۆشم ساڵانەش لەم فێستیڤاڵە بەشداری دەکەم سوپاس بۆ خوا زۆر باشە."
 
شادان عوسمان، هاوڕێی تارا، دەڵێت، "لە راستیدا دەرفەتی کار کەمە لە گەرمیان ئەو کارەش کە دەیکەیت، هێندەی ماندووبوونەکەت وەرناگریت، بۆیە حەزم کرد کارێکی سەربەخۆی خۆم هەبێت، کاری چنین حەزوو خولیای خۆم بوو ، بۆیە دەستم کرد بە ئیشی ئەتەمین[جۆرێکی چنینە]، داواکاری خەڵکیش تایبەتە بەدڵی خۆیانە چ جۆرێکیان دەوێت."
 
رووەیدا جەوهەر دەرچووی پەیمانگای کۆمپیوتەرە لە سلێمانی. دوو ساڵە بووەتە خاوەن کار، لەماڵی خۆی بژێوی ژیانی دابین دەکات و دەڵێت، "لە دوای خوێندن لە ماڵەوە دەستم کرد بە دروست کردنی سابوون، خۆشم ئیشی وێنەکێشانم دەکرد، وردە وردە پەرەم بە ئیشکەدا لەرێگەی ئۆنلاینەوە دواتر حەزم بە دروستکردنی کەرەستەی سرووشتی کرد، خۆم فێری دروست کردنی سابوون کرد، ئێستا ئیشی دروست کردنی سابون دەکەم، سابوونی سرووشتی، زەردەچەوە، رەشکە، گەڵایخار، بەپێی جۆری پێستەکە دروستی دەکەم، هەروەها تینتی سرووشتی و هەندێک بابەتی جوانکاری ئافرەتان دروست دەکەم."
 
چوارەمین فێستیڤاڵی بازار لە گەرمیان کە شەش رۆژ دەخایەنێت، 395 خاوەنکار لە رۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستان و هەروەها عێراق و چیچان بەشدارن.