لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندانە و هاونیشتمانییەکی دیکە لە مهاباد گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

لە مهاباد، بۆکان و چەند شاری دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندانە و لە مهاباد هاونیشتمانییەک بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. 
 
لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 18-11-2022ـەوە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە مهاباد و بۆکان و چەند شاری دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە. لە مهاباد لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران هاونیشتمانییەک بە ناوی "محەممەد ئەحمەدی گاگەش"، تەمەن 43 ساڵان گیانی لەدەستدا. بەپێی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوتەوە، گوللە بەر سەری محەممەد ئەحمەدی کەوتووە.
 
لە خۆپێشاندانی دوێنێ و شەوی رابردوودا لە بۆکان چوار هاونیشتمانی بە ناوەکانی غەفوور مەولوودی، ئەمجەد عینایەتی، هیوا جانان و هەژار مام خوسرەوی، لە سنە دوو کەس بە ناوەکانی ئارام حەبیبی و شاهۆ بەهمەنی، هەروەها لە سەقز یەک کەس بە ناوی رەحمان بەختیاری و لە مهابادیش کەسێک بە ناوی ئازاد حوسێن پوور بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا.
 
هێزە ئەمنییەکانی ئێران کەسوکاری ژمارەیەک لە قوربانییان ناچار کرد شەوی رابردوو و بێ ئامادەبوونی خەڵک، تەرمەکانیان بەخاک بسپێرن، بەڵام ژمارەیەکی دیکەیان ئەمڕۆ بە خاک سپێردران. لە مهاباد بە هەزاران کەس بەشدارییان لە ناشتنی ئازاد حوسێن پووردا کرد و بە خۆپێشاندان و دروشمدان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کردووە. هەروەها لە شاری بۆکانیش لە پێشنیوەڕۆوە خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەستیپێکردووەتەوە و خۆپێشاندەرانی شارەکە بە ئاگرکردنەوە و دروشمدان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمدەدەن. بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ هەینی لە شارەکانی سەقز، سنە، کامێران، پاوە و چەند شاری دیکەش خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت. 
 
لە شەوی سێشەممە 15-11-2022ـەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 18 هاونیشتمانی لە خۆپێشاندانەکاندا بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە. لە بۆکان هەشت کەس، لە سنە چوار کەس، لە کامێران دوو کەس، لە سەقز دوو کەس و لە مهابادیش دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەپێی ئامارێک کە رێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزاییەکان لە 17-09-2022ـەوە تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 83 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقە یان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە. 12یان منداڵ و نەوجەوانن و حەوتیشیان ژنن. ئەو رێکخراوە دەڵێت، زیاتر لە 4400 کەسیش دەستبەسەرکراون کە شوناسی هەزار و 87 کەسیان دەستنیشانکراون.