لە دەربەندیخان چەند راوچییەک تەقە لە پۆلیسی دارستان دەکەن و پۆلیسێک بریندار دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە، لە چیای زمناکۆی سنووری قەزای دەربەندیخان، ژمارەیەک راوچی تەقەیان لە پۆلیسی دارستان کردووە و بەوهۆیەوە پۆلیسێک بریندار بوو. 
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند: چەند راوچییەک ئاسکێکیان راوکردووە، دواتر پۆلیسی دارستان چوونەتە شوێنی راوکردنەکە، بەڵام ئاسکەکەیان بەجێهێشتووە. 
 
وەک سلێمان محەممەد دەڵێت، راوچییەکان تەقەیان لە پۆلیس کردووە و لە کاتی روبەرووبونەوەدا پۆلیسێکی دارستان بەناوی "دڵشاد ئەحمەد" برینداربووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە. 
 
لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو پۆلیسەی برینداربووە، قایمقامی دەربەندیخان گوتی، "برینەکەی کەمێک قووڵە، بەڵام تەندروستی جێگرە." هەروەها دەشڵێت، "راوچییەکان دەستگیرنەکراون."