فرسەت سۆفی کە لە هەولێر دەچووەدەرەوە هەناسەبڕکێی بوو بۆ گەڕانەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆتا هەناسەی دایەوە و نەیتوانی شارەکەی ببینێتەوە. فرسەت سۆفی، پارێزگارە گەنجەکەی هەولێر، لە خانەوادەیەکی هەژاری جووتیارەوە بۆ باڵاترین پۆستی پارێزگاکەی. بەیانیی رۆژی چوارشەممە، دوای نزیکەی مانگێک لە تووشبوونی بە کۆرۆنا، کۆچی دواییکرد.
فرسەت سۆفی پێشتر لە دیمانەیەکدا بە رووداوی گوت، هەولێر سرووشتێکی سەیری هەیە، "کە لێی ژیای، زەحمەتە بتوانی دەستبەرداری ببیت. باوەڕ بکە، ئینسان کە دەچێتە دەرەوەش، سەفەر دەکات، هەناسەبڕکێیەتی تاوەکو دەگەڕێتەوە".
فرسەت سۆفی لە گوندی گەزنەی دەڤەری باڵەکایەتی لەدایکبووە، خۆی دەڵێت، لە خێزانێکی جووتیار و هەژار لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی تاوەکو ئامادەیی لە سۆران و دیانا تەواو کردووە. قۆناخەکانی خوێندنی باڵاش، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە.
فرسەت سۆفی، بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا هەبوو، بەشێکی ژیانی بۆ خوێندنەوە تەرخانکردبوو، لەگەڵ ئەوەی تێکەڵاوی کاری سیاسیی و کارگێڕیش بوو، بەڵام وازی لە خوێندنەوە نەهێنا و بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونیان، چیرۆکی سەرکەوتنی سیاسیی و گەلانی دونیای دەخوێندەوە.
فرسەت سۆفی وەکو هەر تاکێکی دیکەی کورد، بەردەوام خەونی بە سەربەخۆیی کوردستانەوە دەبینی، هەر لە منداڵییەوە زۆربەی شیعرە نیشتمانییەکانی شاعیرە گەورەکانی کوردستانی ئەزبەرکردبوو.
پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، خەڵکی گوندێکی سنووری قەزای چۆمانە، لە ساڵی 1998 بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە هەولێر، لەوێ بە یەکجاری نیشتەجێ دەبێت و ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت.
فرسەت سۆفی، خەونی زۆری هەبوون، بیرۆکە و پرۆژەی زۆریشی بۆ بەرەوپێشبردن و جوانکردنی شارەکەی هەبوون، بەڵام کۆرۆنا رێگربوو لە بەدیهێنانیان.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی، بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان و سەرکردە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ماتەمیان گێڕا، پێش هەمووان فەرمانبەر و کارمەندانی دیوانی پارێزگای هەولێر. ئەوان بە گوتەی خۆیان "زیاتر" هەست بە کۆستی کۆچی دوایی پارێزگارەکەیان دەکەن.