سەرۆکی کۆمیسیۆن: پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: مۆبایل بردنە ژوورەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و ئەو هەواڵانەی باس لە بردنە ژوورەوەی مۆبایل لەلایەن دەنگدەرانەوە دەکەن دوورن لە راستییەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی لە هەولێر رایگەیاند، "پڕۆسەی دەنگدان لەکاتی خۆیدا دەستیپێکرد، 165 بنکەی دەنگدانی تایبەت هەیە 12 بنکەیان لە پارێزگاکانی عێراقە، پڕۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت و رێژەی ساختەکاری سفرە، داوادەکەین دەنگدەران پشوو درێژبن و پەلە نەکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت".
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتیشی، "ئێمە پەیوەندیمان کردووە، مۆبایل بردنە ژوورەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە باس لە بردنە ژوورەوەی مۆبایل لەلایەن دەنگدەرانەوە دەکەن، ئەو گرژیەش کە لە هەڵەبجە دروستبوو گوایە رێگری لە بریکاری لایەنێکی سیاسیی کراوە، ئێمە ئاگادارین کە ئەو بریکارە مۆبایلی لەگەڵ خۆی بردووەتە ژوورەوە لەبەر ئەوە رێگری لێکراوە و کردوویانەتە دەرەوەی بنکەکە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، کە بەیانیی ئەمڕۆ، سەربەست ئامێدی، سەرۆکی رێکخراوی چاو بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت، تێبینی لەسەر بردنە ژوورەوەی مۆبایل لەلایەن دەنگدەرانەوە هەبوو و ئاماژەی بەوە کرد، "کۆمیسیۆن لە رێنمایی و یاساکانی خۆیدا رایگەیاندووە کە نابێت هیچ دەنگدەرێک مۆبایل لەگەڵ خۆی بباتە نێو بنکەکانی دەنگدانەوە، بۆ ئەوەی فشاریان لەسەر نەکەن کە دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو حاڵەتانە لە چەند بنکەیەکی هەبوون و چەندین دەنگدەر مۆبایلیان دەبردە ژوورەوە".
 
ئەو لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا؛ ئایا تاوەکو چەند دڵنیایی لە نەبوونی ساختەکاری دەدات؟ گوتی، "[رێژەی] ساختەکاری سفرە و رێی تێناچێت".
 
کاژێر 07:00ـی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام بێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 215 هەزار و 960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.