لیستی یەکگرتوو لە هەڵەبجە سکاڵا تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە هەڵەبجە رایگەیاند، سکاڵایان لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵەبجە تۆمار کردووە، داوایان لە کۆمیسیۆنی عێراق کردووە قردێلەی سوور لە سندووقەکانی دەنگدان بدەن و رێگری بکەن لەوەی ئەو پێشێلکارییانە رۆژی یەکشەممە دووبارە ببنەوە.
رۆژی هەینی 18-10-2024 کاوە عەلی، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەو پێشێلکارییانەی ئەمڕۆ کرا، پێچەوانەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو، سکاڵامان تۆمار کردووە و گەیاندوومانەتە کۆمیسیۆنی عێراق و خودی حاکم عومەر، سکاڵامان لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵەبجە تۆمار کردووە کە نەیتوانیوە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و پیشەییانە کاریان نەکردووە."
بە گوتەی کاوە عەلی، ئەوان سکاڵایان لەسەر "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس تۆمار کردووە، کە نەیانتوانیوە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفافانە بەڕێوەببەن.
لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ئەندامەکەیان کراوە، کاوە عەلی گوتی، "هەرچەندە بنەماڵەی ئەو بەڕێزەی ئەو کارەی کردووە بنەماڵەیەکی بەڕێزن، سەردانیشیان کردووین و داوای لێبووردنیان کردووە، بەڵام ئێمە سکاڵای یاسایی و مەدەنیمان لەسەر ئەو کارمەندە تۆمار کردووە."
لەبارەی واژۆکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گوتی، "وەکو یەکگرتوو و لایەنێکی دیکە واژۆ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناکەین، چونکە پڕۆسەکە بێلایەنانە نەبوو."
سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە داوای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، قردێلەی سوود لە سندوقەکان بدەن و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان بکات. گوتیشی، "لەگەڵ کۆمیسیۆن لەسەر خەتین، بۆئەوەی رۆژی یەکشەممە ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبێتەوە."
بە گوتەی کاوە عەلی، ئەمڕۆ لە هەڵەبجە داوای کۆپیی کارتی دەنگدان لە هاونیشتمانییانیش کراوە و "ترسێندراون،" بەوەی کە بەهۆی ئەو کۆپییەوە دەزانن رۆژی دەنگدان دەنگ بە کێ دەدەن، بەڵام دڵنیایی بە دەنگدەران دەدات و دەڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا و داوا لە دەنگدەران کراوە وێنەی فۆرمی دەنگدان بگرن، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کەس نازانێت دەنگ بە کێ دەدەن، بۆیە ئازایانە و ئازادانە دەنگ بدەن."
کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام بوو. جگە لە پارێزگای هەڵەبجە لە پارێزگاکانی دیکە دەنگدان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوو.
لە پارێزگای هەڵەبجە گرژی دروستبوو بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان مۆبایلیان بردبووە ژوورەوە و وێنەی فۆرمی دەنگدانی خۆیان دەگرت.