کۆمیسیۆن: لە دهۆک زۆرترین رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت تۆمارکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای دهۆک تاوەکو کاژێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆ، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت 93٪ بووە. بەرپرسێکی کۆمیسیۆن دەڵێت، بەراورد بە سێ پارێزگاکانی دیکە زۆرترین رێژەی بەشداری تۆمارکراوە. 
 
رۆژی هەینی، 18-10-2024، خالید عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 40 هەزار دەنگدەرمان بۆ دەنگدانی تایبەت هەیە کە دابەشی سەر 33 بنکەی دەنگدان کراون، تاوەکو  کاژێر 2:30ـیش رێژەی بەشداری گەیشتووەتە 93٪ کە بەراورد بە هەر سێ پاریزگاکانی دیکە بەرزترینە."
 
لەبارەی سکاڵاکانەوە، خالید عەباس گوتی: "تاوەکو کاژێر 2:30 لە هەر 33 بنکەکانمان هیچ سکاڵایەک تۆمارنەکراوە، بابەتی بردنە ژوورەوەی مۆبایلیش لیژنەی ئەمنی بڕیاریداوە کە بردنە ژوورەوەی مۆبایل قەردەخەیە بۆیە ئەرکی ئێمەیە وەکو کۆمیسیۆن و وەکو لیژنەی ئەمنیش کە رێگە نەدەین مۆبایل بچێتە ژوورەوە."
 
بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی عێراق لەبارەی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان ئاماژەی بەوەکرد، "بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دەبوو 30٪ ئامێری یەدەگ بۆ بنکەکان نێردرابا، بەڵام بۆ پارێزگای دهۆک 50٪ هاتووە، هەمووشی پێشوەختە تاقیکراونەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکان دروستنەبووە."
 
خالید عەباس لەبارەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان گوتی: "ئەمڕۆ یونامی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی کردووە، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش سەردانی بنکەکانیان کردووین و چەندین رێکخراوی بیانیش چاودێر بوونە، جگە لەوەی لە 27 رێکخراوی ناوخۆیی لە دهۆک خۆیان تۆمارکردبوو."
 
لە کاژێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆوە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. 215 هەزار و 960 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
 
خالید عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کاژێر 6:00 کارمەندی کۆمیسیۆن راستەوخۆ داوای راپۆرت دەکەن، بەگوێرەی راپۆرتەکان دیار دەبێت هەر حیزبێک و بەربژێرێک چەند دەنگیان هێناوە و دەدرێتە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کۆپییەکی دەدرێتە راگەیاندنەکان و دەنێردرێتە بەغداش و دواتر بە دەستیش دەنگەکان دەژمێردرێن بۆ ئەوەی بەراورد بکرێن لەگەڵ ئامێرەکان."