رەوتی هەڵوێست دەڵێ بەربژێرێکیان رفێندراوە و بەربژێرەکە خۆی رەتیدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، بەربژێرێکیان لە سلێمانی رفێندراوە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، ئاگاداری دۆسیەکە نین چونکە هیچ کەسیان سکاڵایان تۆمارنەکردووە. بەربژێرەکە خۆشی دەڵێ: "نەڕفێندراوم".
 
رۆژی هەینی، 18-10-2024، سەردار قادر، گوتەبێژی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی راگەیاند: "مامۆستا عەزیز بلکیانی، کاندیدی ژمارە 11 لە بازنەی سلێمانی رفێندراوە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی رەوتی هەڵوێست، ئەو بەربژێرەیان تاوەکو درەنگیی دوێنێ شەو سەرقاڵی بانگەشە بووە بۆ لیستەکەی. 
 
گوتەبێژی رەوتی هەڵوێست گوتی: "لەبەر ئەوەی کاندیدی ئێمەیە، بە زۆرەملێ ڤیدیۆ بە مامۆستا عەزیز تۆمارکراوە و رەنگە بە گوشار ڤیدیۆی دیکەشی پێ تۆمار بکرێت."
 
عەزیز بلکیانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ: "من زۆر سەلامەتم و پشتیوانی خۆم بۆ لیستی 129ی یەکێتی دووپات دەکەمەوە، من ناگەڕێمەوە بۆ ناو یەکێتی، هەر لەناو یەکێتیم و خوێنم بۆ ئەوە."
 
بە گوتەی سەردار قادر، یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کە پێیکراوە باس لە کشانەوەی دەکات لە رەوتی هەڵوێست، بەڵام هێشتا نازانن ئایا ئەو ڤیدیۆیە لەسەر خواستی خۆی کراوە یان بە زۆرە ملێ. گوتیشی: "دوای ئەو ڤیدیۆیە کەسوکاریشی پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە پچڕاندووە و ژمارەیان داخستووە."
 
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی دەنگی یەکێک لە کچەکانی عەزیز بلکیانیی بڵاوکردووەتەوە کە بە گریانەوە هەواڵی رفاندنی باوکی پێدەدات.
 
رووداو لەوبارەوە پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی کرد و گوتی، "ئاگاداری دۆسیەکە نین، چونکە هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە، دەبێت سکاڵا تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی پۆلیس بە کاری خۆی هەستێت." 
 
هەر لەبارەی سکاڵاوە سەردار قادر گوتی: "راگەیێندراوەکەمان داوە بە کۆمیسیۆنی سلێمانی و ئەوەندەی ئاگادارین کەسوکاری لەگەڵ پۆلیس لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی سکالا تۆمار بکەن."
 
گوتەبێژی رەوتی هەڵوێست لە راگەیێندراوێکدا کە بۆ رووداوی ناردووە دەڵێت: "کەسوکاری ئاگاداریان کردووینەتەوە کە ئازاری جەستەیی دراوە و بەزۆر ڤیدیۆی پێ تۆمارکراوە." بەڵام عەزیز بلکیانی لە گرتەکەدا ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
سەردار قادر ئاماژەی بەوەشکرد، "سەلامەتیی ژیانی مامۆستا عەزیز دەخەینە سەر دەزگاکانی حکومەت و دەسەڵاتی پێنجوێن، لە رێگەی یاساوە سکاڵای خۆمان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆمار دەکەین."
 
کچەکەی عەزیز بلکیانی لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێ: "نیوەی شەو لە سلێمانی بە زۆر یەکێتی باوکمیان بردووە و هەڕەشەیان لێکردووە، بە زەبری چەک دۆسیەیان بۆ زیندوو کردووەتەوە و دەڵێن ئەگەر نەکشێیتەوە دەتکوژین، بە منداڵەکانی هەڕەشەی لێدەکەن."
 
ئیدریس محەممەد، رێپێدراوی رەوتی هەڵوێست بۆ کاروباری هەڵبژارد قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "گومانمان لە دۆسیەکە هەیە و هەوڵدەدەین لەگەڵ عەزیز بلکیانی قسە بکەن، بەو پێیەی شەو کچەکەی هەواڵی رفاندنی پێداین، رەنگە ڤیدیۆکەشی لە ژێر گوشاردا بڵاوکردبێتەوە."