کۆمیسیۆن: تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ کۆی رێژەی بەشداری 70% بووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 70٪. لە پارێزگای دهۆکیش زۆرترین رێژەی بەشداری هەبووە کە 77٪ـە.
 
رۆژی هەینی، 18-10-2024، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت لە دهۆک 77٪، هەولێر 70٪، سلێمانی 67٪، هەڵەبجە 64٪ و بە کۆی گشتی گەیشتووەتە 70٪. 
 
لەبارەی بردنە ژوورەوەی مۆبایل نەبەرد عومەر گوتی، کۆمیسیۆن بەکارهێنانی مۆبایلی لەنێو بنکەکان قەدەخە کردووە، نەک بردنە ژوورەوە، بەڵام ئەوە لیژنە ئەمنییەکانن کە بردنە ژوورەوەی مۆبایلیان قەدەخە کردووە، بۆیە داوایان لێدەکەین کە جەخت لە بڕیارەکەیان بکەنەوە. 
 
نەبەرد عومەر، داوای لەو کەسانە کرد کە دەڵێن مۆبایل براوەتە ژوورەوە سکاڵا تۆمار بکەن و گوتی: "لایەنە سیاسییەکان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکرێت."
 
لەبارەی بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیش دەڵێت: "کۆمیسیۆن لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان کامێرای داناوە کە بە 360 پلە وێنە دەگرێت، هەر کەسێک کە سکاڵا دەکات دەبێت بنووسرێت لەو کاتە فڵان کەس مۆبایلی بردووەتە ژوورەوە. ئەوکاتە کامێرا لێدەدرێتەوە و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا قردێلەی سوور لەو سندووقە بدرێت یان نا."
 
لە 15 مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و هیچ بەربژێر و لایەنێک ناتوانێت بانگەشە بکات. نەبەرد عومەر لەبارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بانگەشە دەکەن گوتی: "بە فەرمی هیچ شتێکمان بۆ نەهاتووە، هەر کەسێک کە شتێکی ئاوا دەبینێت ئەوە لە بنکەکان سندووقی سکاڵامان هەیە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات."
 
لەکاژێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆوە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە کە 215 هەزار و 960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.