لە سنە زیاتر لە 3000 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە

 
هەولێر دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە زیاتر لە 3000 هێکتار دارستان و لەوەڕگەی پارێزگاکە سووتاوە، کە زۆربەی لە سنووری شاری مەریوان بووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-10-2023، بەهزاد شەریفی، بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 233 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆمارکراون و بە هۆیەوە 3167 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
 
بە گوتەی بەهزاد شەریفی، ئەمساڵ زیاترین رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگە لە سنووری شاری مەریوان تۆمار کراون، بە جۆرێک کە 65 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دارستان هەبووە و 1598 دارستان سووتاوە، هەروەها شەش رووداوی ئاگرکەوتنەوەی لەوەڕگە لە سنووری شارەکە هەبووە و 51 هێکتار سووتاوە.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، لە شاری بانە 58 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 178 هێکتار دارستان و 3.5 هێکتار لەوەڕگە، لە شاری سەوڵاوا 32 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 205 هێکتار دارستان و 67 هێکتار لەوەڕگە، لە سنە 9 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 248 هێکتار لەوڕگە  و 25 هیكتار دارستان، لە سەقز 28 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 508 هێکتار دارستان و لەوەڕگە، لە شاری قوروە 4 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 41 هێکتار لەوەڕگە تۆمار کراون.
 
بەهزاد شەریفی هەروەها رایگەیاند، لە شاری بیجار 2 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 12 هێکتار لەوەڕگە، لە کامیاران 15 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 33 هێکتار دارستان و 118 هێکتار لەوەڕگە، هەروەها لە شاری دیواندەرە 7 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 43 هێکتار لەوەڕگە و لە دێگۆلان 7 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی 36 هێکتار دارستان و لەوەڕگە تۆمارکراون.