لە سلێمانی ورچ منداڵێک بریندار دەکات و ئەنجوومەنی پارێزگاش لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت

رووداو - هەولێر 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزاریان راسپاردووە بە شێوەی مەیدانی سەردانی ئەو باخچەیەی ئاژەڵانە بکەن کە دوێنێ تێدا ورچ پەلاماری منداڵێکی داوە.
 
دوێنێ دووشەممە، لەکاتی یاریکردنی لە باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلاند لە سلێمانی ورچێک پەلاماری منداڵێکی چوار ساڵانیدا و دەستێکی بریندار کرد. 
 
رۆژی سێشەممە 18-10-2022، بەرزان محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بوونی باخچەی ئاژەڵان لە شار گرنگە، بەڵام دەبێت بزانرێت سەلامەتە یاخود نا، لیژنەی شارەوانی ئەنجوومەنمان راسپاردووە لەوبارەوە بەدواداچوونی مەیدانی بکات، بۆ هۆکاری رووداوەکە راپۆرتی خۆیان ئامادەبکەن، بۆ ئەوەی بزانین شوێنەکە تاچەند سەلامەتە و دواتر لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداردەکەینەوە."  
 
بەرزان محەممەد گوتیشی: "باخچەی ئاژەڵان لە هەموو شوێنێک رێوشوێنی تایبەتی بۆ دەگیرێتەبەر، بۆیە بەدواداچوون دەکەین لەو رێوشوێنانەی لەو باخچەیە گیراوەتەبەر، چونکە ئەوەی روویدا بابەتێکی زۆر ناخۆشبوو."
 
لەبارەی داخستنی باخچەکە بەرزان محەممەد گوتی: "ئێمە دەسەڵاتی چاودێریمان هەیە و بڕیار دەدەین، بەڵام راستەوخۆ جێبەجێی ناکەین، بۆ هەموو بابەتێک راپۆرتی خۆمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار دەکەین، ئەگەر زانیمان بەڕێوەبەرایەتییەکە پێ چارەسەرنەکرا، ئەوە ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی دەکەین."
 
منداڵەکە ناوی لاڤین سەعیدە و تەمەنی کەمترە لە چوار ساڵ، دوێنێ سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە رووداوی گوت "کاژێر 5:30  ئێوارە تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای تەندروستی 122،  منداڵەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی شار کردووە، بەڵام برینەکەی سووک بووە و دەستێکی منداڵەکە بریندار بووە."