گوتەبێژی یەکێتی: دەمانەوێت لەگەڵ پارتی پەیوەندییەکانمان باشتر و بەهێزتر بکەین

 
رووداو - سلێمانی

پارتی وەکو گەورەترین هێزی کوردستانی، سەردانە سیاسییەکانی دەستپێکرد، ئەوەش بە مەبەستی بەشداریکردنێکی بەهێزتر و کاریگەرتر لە حکومەتی نوێی عێراق. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی خاوەنی 33 کورسییە، سەردانی یەکێتیی کرد کە 16 کورسییان هەیە، دەڵێن دەیانەوێت پێکەوە بە بەهێزی بچنە بەغدا.
 
ئەمین بابە شێخ، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "دەمانەوێت لەگەڵ پارتی پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش باشتر و بەهێزتر بکەین، هەروەها دەمانەوێت بە یەکڕیزییەکی بەهێزەوە پێکەوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد بچینە بەغدا".
 
دووەم وێستگەی سەردانەکەی پارتی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، هەرچەندە ئەوان هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێناوە، دوای ئەوانیش شاندەکەی پارتی چوونە مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست، لەوێش پشتگیریکردنی یەکبوونی کورد جەختی لێکرایەوە.
 
فاتیح رەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە رابردوودا سەلماوە هەرکات لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بوبێتن، ئەوا بەهێزتر بوون، ئێمە ئەمجارەش دەمانەوێت لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا لەپێناو مافی کورد".
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە لەوە گەڕاوین کە هەر لایەنێکی سیاسی کورسیی نەبێت، ئیدی لەگەڵمان نەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، بەڵکو دەمانەوێت هەموومان پێکەوەبین، چونکە ئەو لایەنانەی کورسیشیان نییە، پێگەی جەماوەرییان هەیە، پێکەوە دژی ئەو دووژمنانەمان دەوەستینەوە کە دەیانەوێت بەهۆی کورسی نەهێنانی هەندێک لایەنەوە درز بکەنە پەیوەندییە ناوخۆییەکانمان".
 
نەوەی نوێ کە نۆ کورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، دانیشتن و رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت رەتکردەوە. هەرچەندە هێشتا پارتی داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نەوەی نوێ نەکردووە، بەڵام جوڵانەوەکە لە بەیاننامەیەکیاندا رایانگەیاند، "وەکو بنەمایەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا ناکات، هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت".
 
هەروەها کۆمەڵی دادگەرییش کە یەک کورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، لە زاری گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاندووە، "به‌شداریی هیچ گفتوگۆ و هاوپه‌یمانییه‌ك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق ناكه‌ین".
 
دوایین وێستگەی سەردانەکەی پارتی بۆ لای مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بوو، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا، سەردانی یەکگرتوو و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بکات.