حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان 'سێ رێگەچارە' بۆ گەڕانەوەی 2000 عومرەکار دەخاتەڕوو

 
رووداو دیجیتاڵ

چوار رۆژە 2000 عومرەکاری کورد لە سعودیە گیریان خواردووە و بەهۆی "نەبوونی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی" ناتوانن بگەڕێنەوە. بەرپرسێکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەتوانین لە رێگەی وشکانییەوە بیانگەڕێنینەوە". حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان کێشەکە بۆ "ناڕێکیی خشتەی گەشت" دەگەڕێنێتەوە و عومرەکاران بۆ سێ رێگە چارە سەرپشک دەکات.
 
عومرەکاران لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەوە چوونەتە سعودیە. هیمداد عەبدوڵڵا، یەکێک لە عومرەکارانی کورد لە سعودیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "لە مەککە گیرمان خواردووە، هاوژینەکەم نەخۆشە و ناتوانم بە رێگەی وشکانی بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان. فڕۆکە نییە و ناتوانین بگەڕێینەوە."
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کێشەکە پەیوەندیی بە "نەبوونی فڕۆکە"وە هەبێت. شێخ نیاز نەقشبەندی، لە بەرپرسیار گوتی، "نزیکەی دوو هەزار عومرەکارمان لە سعودیەن. لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقی و حەج و عومرەی عێراقی لەسەر هێڵین. کێشەکە ناڕێکی لە خشتەی گەشتەکانە و هەڵەیەک روویداوە. ئەو کێشەیەش تەنیا بۆ عومرەکارانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو سەرجەم عومرەکارانی گرتووەتەوە."
 
 
لە هەرێمی کوردستان 105 کۆمپانیا مۆڵەتی فەرمییان هەیە بۆ رێکخستنی حەج و عومرە. به‌هۆی سه‌رپێچیی رێنوێنییه‌كانەوە، تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 90 كۆمپانیا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومرەوە‌ راگیراون و مۆڵه‌تیان پێنه‌دراوه‌.
 
کێشەکە جگە لە عومرەکارانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 5000 عومرەکاری عێراقیشی گرتووەتەوە. رێبوار ئازاد، بەرێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیار، گوتی، " دەبوو رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەست بە گەڕاندنەوەی عومرەکاران بکرێت و بە چەند کاروانێک رۆژانە 420 کەس لەو عومرەکارانە بگەڕێنەوە، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، یان کێشەکە بە فڕۆکەی هێڵی دیکە چارەسەر دەکرێت، یان عومرەکارەکان لە رێگەی وشکانییەوە دەگەڕێندرێنەوە."
 
 
کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکان پابەند دەکات بە دابینکردنی شوێنی مانەوە و قەرەبووکردنەوەی عومرەکاران. رێبوار ئازاد گوتی، "سەرجەم عومرەکاران بە رێگەی وشکانی رۆیشتوون. کۆمپانیاکان تەواوی خەرجییەکانیان دابیندەکەن تاوەکو دەگەڕێنەوە."
 
هێڵی ئاسمانیی عێراق 39 فڕۆکەی هەیە، بەڵام تەنیا 27یان گەشتیان پێدەکرێت.
 
شێخ نیاز نەقشبەندی، سێ پێشنیازی چارەسەریی کێشەکە دەخاتە بەردەم عومرەکارانی کورد لە سعودیە و "سەرپشک"یان دەکەن: یەکەم؛ دەتوانن بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە و بۆ ئەم مەبەستە حەوت پاسمان لە رێگەن و ئێستا لە دەروازەی عەر عەرن، دووەم؛ عومرەکاران چاوەڕێ بکەن تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت و خشتەی گەشتەکان رێکدەخرێتەوە و بە رێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە، سێیەم؛ عومرەکاران دەتوانن بە ترانزێت بگەڕێنەوە.